لە دۆسیەی شەنگالدا چ لایەک کەمتەرخەم نییە؟

‌ سالار مه‌حمود

دوای تاوانی شەنگال بە چەند ڕۆژێک پرۆژەبڕیارێکم ئامادەکرد لە پەرلەمانی کوردستان و بە واژۆی شانزە پەرلەمانتاری یەکێتی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کرد لە ۲٠۱٤/۸/۱٦ .
پرۆژەبڕیاری (تاوانی شەنگال و دەوروبەری) بە مەبەستی ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ بڕیاردان لەسەری.
ھەر زوو حکومەت مەترسی خۆی لە پرۆژە بڕیارەکە پیشانداو ھاتنە پەرلەمان و لیژنەیەکی ھاوبەشی پەرلەمان و حکومەت بۆ دۆسیەی تاوانی شەنگال دروست بوو، لە یەکەم کۆبونەوەی لیژنەکە بەشداریم کرد و داوام کرد ھەمووان ھاوکار بن پرۆژە بڕیارەکەی پەرلەمان ببێتە بڕیار، بەڵام بیانویان ھێنایەوە کە ئەگەر لەپەرلەمان بڕیار دەربکرێ واتا ناساندنی بە جینۆساید و ئیتر پرسەکە ناتوانرێ ببرێتە دادگا.
سەرۆکایەتی پەرلەمان لە رێگەی سەرۆکی لیژنەی یاساییەوە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێک نەیاری خۆیان بۆ ئەو بابەتە دەردەبڕی و بە ھێنانە پێشەوەی چەند بیانوویەک رێگربوون، ئیتر من بۆ دانیشتنەکانی دواتری لیژنەکە بانگ نەکرامەوە و خوشم نەمویست لە لیژنەیەکدا بم کە کارەکەی بۆ لەباربردنی ئەرکە راستەقینەکە بێ.
پرۆژە بڕیارەکە بریتیە لەم خاڵانە

یەکەم: ھەموو ئەو کەسانەی لە تاوانی شەنگال و دەوروبەریدا بوونەتە قوربانی بە شەھید بناسرێن.

دووەم: کەسوکاری قوربانیەکان بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید مووچەیان بدرێتێ.

سێیەم: بەفەرمی رۆژی ۸/۳ بکرێتە رۆژی جینۆسایدی شەنگال.
چوارەم: ناوەندێک پێک بھێنرێ بۆ دیکۆمێنتکردنی تاوانەکەو ھەوڵدان بۆ کردنی بە دۆسیەی تاوان و ئامادەکردنی بۆ دادگا.

پێنجەم: حکومەتی عیراق و کوردستان پێویستە ھەوڵ بدەن بۆ ئازادکردنی ژنان و کچان کە دیلن لای تیرۆریستانی داعش.

شەشەم: لیژنەیەکی تایبەت دروستبکرێ بۆ گەڕان و پشکنین و دۆزینەوە و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال و دەوروبەری، دوای ئازادکردنی شەنگال.

حەوتەم: مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی شەنگال دروست بکرێ لە شەنگال، وەک سیمبولی جینۆسایدی ئیزیدیەکان.

ئەم خاڵانە ناوەڕۆکی ئەو پرۆژە بڕیارەبوو کە لەپەرلەمان بڕیاری لێ نەدراو لە دانیشتنی تایبەت بە تاوانی شەنگالدا لیژنە ھەمیشەییەکانی وەک لیژنەی کۆمەڵی مەدەنی و لیژنەی ژنان و لیژنەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە راپۆرتی خۆیاندا داوایان کرد پرۆژە بڕیارەکە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

ھەرچەندە دوای پێشکەشکردنی پرۆژە بڕیارەکە بەچەند رۆژێکی کەم بەشێک لە فراکسیۆنەکانی تر ھەمان پرۆژەیان بە چەند ئاڵوگۆڕێکەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی کرد، بەڵام جدی نەبوون لە فشار خستنە سەر پەرلەمان بۆ دەرکردنی بڕیارەکە. لەم جۆرە سیناریۆیە لەم خولەی پەرلەماندا زۆر بوو، کاتێک چەند پەرلەمانتارێک پرۆژەیەکیان ئامادە دەکرد و پێشکەش دەکرا، دوای چەند رۆژێکی تر بە کەمێک دەستکاریەوە ھەمان پرۆژە لەلایەن چەند پەرلەمانتاری تر پێشکەش دەکرایەوە!

لە چوارەمین ساڵیادی قوربانیانی شەنگالدا بە گرنگی دەزانم پەرلەمانی کوردستان لە دوایین رۆژی کارکردنیشدا بێ ئەو پرۆژە بڕیارە پەسەند بکات،
پرۆژە بڕیاری (تاوانی شەنگال و دەوروبەری).

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری (۲۳۷۹) تاوانەکەی بەجینۆساید ناساند و داوای لێکۆڵینەوەی ھەمە لایەنەی کردوە بۆ ئەو تاوانە. پەرلەمانی ئەرمینیا بەفەرمی جینۆسایدی شەنگالی ناساندوە، پەرلەمانی چەند وڵاتێکی ئەوروپایی بەیاننامەو نوسراویان لەبارەی جینۆسایدی شەنگال دەرکردوە.

ھەموو لایەک لەم پرسەدا کەمتەرخەمی ھەیە، بەڵام دوای چوار ساڵ کارێک ئەرکێک ئەگەر درەنگیش بێ ئەنجام بدرێ باشترە لەوەی ھەر نەکرێت.


AM:10:59:04/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1207 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی