بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی: یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت

‌بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی

وێستگە نیوز-

لە بەغدا، بەرهەم ساڵح  و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە، بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە دووپاتی ئەوە کراوەتەوە کە،"پێویستە یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت" هاوکات، "
زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بڕەخسێت".

ئەمڕۆ شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهات و گۆرانكارییەكانی ناوچەكە گفتوگۆیان كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، "لەو كۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان گفتوگۆكرا، بە تایبەت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم رووەوە دووپاتکرایەوە كە پێویستە زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بڕەخسێت كە گوزارشتی راستەقینەی ئیرادەی دەنگدەران بێت لەپێناو تێپەڕاندنی قەیران و ناكۆكییەكانی ئێستا و زامنكردنی سەقامگیری و ئارامی لە داهاتوودا".

هاوکات، "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەگرنگییەوە باس لە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و چەسپاندنی پشكی هەرێم كرا، تەئكیدیشكرایەوە كە پێویستە بودجە لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی ژیان و مووچە جێبەجێ بكرێت، هاوكات ئاماژە بەوەدرا كە پێویستە ئەمە سەرەتای گفتوگۆیەكی بونیاتنەرانە بێت بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكانی نێوان و حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەگوێرەی دەستوور".

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، "لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەگشتی كرا، لەم رووەوە تەئکید لە یەكخستنی هێز و تواناكان و نزیكردنەوەی بیروبۆچوونی هێز و لایەنە ناكۆكەكان كرایەوە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی هەڕەشە و مەترسییەكان".


PM:07:30:10/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت