فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی راگرتنی گەشتەکان رونکردنەوە دەدات


وێستگەنیوز-

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان فڕۆکەخانەکان و گەشتیاران ناگرێتەوە و  بە هەبوونی تیکتی گەشتکردن، گەشتیار رێگەپێدراو دەبێت بۆ هاتووچۆکردن بۆ فڕۆکەخانە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە هاتووە، داوا لە گەشتیاران دەکەن، لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا لە فڕۆکەخانە ئامادە بن، لەبەر ئەوەی دوای دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ، بە هەبوونی تیکتی گەشتکردن، گەشتیار رێگەپێدراو دەبێت بۆ هاتووچۆکردن بۆ فڕۆکەخانە.

ئەوەش هاتووە، گەشتەکانی فڕۆکەخانە بەردەوامن و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ ئەو گەشتیارانە ناگرێتەوە کە بەنیازن گەشت بکەن یان دەگەڕێنەوە.

لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی بەیانی لەرۆژانی 8-12ی ئەم مانگە، قەدەغەی هاتوچۆ کەوتەبواری جێبەجێکردنەوەی و هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.

پەیامنێرانی وێستگەنیوز لەسلێمانی، هەولێر و هەڵەبجە رایانگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بۆ ماوەی 4 رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لەکاتەکانی شەودا رابگەیەنرێت، لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە بڕیارەکە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان بڵاویان پێکراوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، بەگوێرەی بڕیارەکان هەر کەسێک بەدەر لەرێنماییەکان وەزارەتی ناوخۆ لەکاتەکانی شەودا هاتوچۆ بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ئەو کەسانەشی رێگە پێدراون هاتوچۆ بکەن، دەبێت پابەندی بەستنی دەمامک بن، بەپێچەوانەوە سزای دارایی دەدرێن.

هـ.هـ


PM:09:14:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 3228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو