وەزیری ناوخۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لەرەمەزاندا زانیاری نوێ دەخاتەڕو

‌رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ کەوتوەتەبواری جێبەجێکردنەوە و تا 12ی نیسان بەردەوام دەبێت، بۆیە  پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و رێکار و رێنمایی نوێ دەردەکات.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بەرێنماییەکانی تەندروستی، لەماوەی رابردو سەدان کەس دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بۆیە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان رێکاری پێویستی خۆپارێزی دەگرێتەبەر".

باسی لەوەشکرد، "بۆ مانگی رەمەزان دەبێت رێکارەکان بگونجێنین لەگەڵ مانگی پیرۆزی رەمەزان، بۆیەش ئێمە قەدەغەی هاتوچۆمان تا 12ی ئەم مانگە راگەیاندوە بۆ ئەوەی پێش مانگی رەمەزان لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا کۆببێتەوە و رێکار و رێنمایی نوێ دەربکات".

لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی بەیانی لەرۆژانی 8-12ی ئەم مانگە، قەدەغەی هاتوچۆ کەوتەبواری جێبەجێکردنەوەی و هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.

پەیامنێرانی وێستگەنیوز لەسلێمانی، هەولێر و هەڵەبجە رایانگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بۆ ماوەی 4 رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لەکاتەکانی شەودا رابگەیەنرێت، لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە بڕیارەکە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان بڵاویان پێکراوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، بەگوێرەی بڕیارەکان هەر کەسێک بەدەر لەرێنماییەکان وەزارەتی ناوخۆ لەکاتەکانی شەودا هاتوچۆ بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ئەو کەسانەشی رێگە پێدراون هاتوچۆ بکەن، دەبێت پابەندی بەستنی دەمامک بن، بەپێچەوانەوە سزای دارایی دەدرێن.

هـ.هـ


PM:08:49:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 15824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت