سەرۆكایەتی هەرێم: یەكڕیزی و تەبایی چارەسەری كێشەكان دەكات


وێستگە نیوز-

لەكۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان جەخت لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كراوەتەوە.

وێستگە نیوز لە تێلیگرام جۆین بكە

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندوە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییە تازەكاندا، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكا ـ عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان تیایدا، هەڵبژاردنەكانی عێراق، بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان، تاوتوێكرا.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان لە كەشێكی ڕاشكاو و كراوەدا كێشە و نیگەرانییەكان خرانە ڕوو و جەخت لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كرایەوە.

وەك لەڕاگەیەنراوەكە هاتووە، پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەقەڵەمدا و هیوای خواست یاساكە جێبەجێ بكرێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت و ڕێخۆشكەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا.

لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە‌ كە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، پاراستنی دەسكەوتەكان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەكی باشتر، واقعبینی و هەستكردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێكەوەكاركردن، هاوبەشی، تەبایی و یەكڕیزی دەخوازێت و بە گرنگییەوە جەختی لە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بۆ باشتركردنی گوزەر‌انی هاووڵاتیان و پێویستیی پاراستنی ئازادییەكان و ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی چوارچێوه و میكانیزمێك بۆ بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانە كردەوە.


PM:05:05:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت