محەمەدی حاجی مەحمود زانیاری سەبارەت بەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم ئاشكرا دەكات


وێستگە نیوز-

لەكۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان باسی یەكڕیزی زیاتری نێوماڵی كورد  و بەشداری كورد بەیەك لیست لەناوچە ناكۆكەكان كراوە.

وێستگە نیوز لەتێلیگرام جۆین بكە


محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەكان بەرۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، كۆبوونەوەكە باشبووە بەتایبەتیش دوای ماوەیەك دابڕانی ئەو حیزبانە لەیەكتر، كۆمەڵێك تەوەر باسكراون لەوانەش پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كورد لەو رووەشەوە هیچ بەربەستێك نییە، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش پێشنیاركراوە لایەنەكان لەناوچە ناكۆكەكان بەیەك لیست بەشداری بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز كە لەسەرچاوەیەكی سەركردایەتی یەكێتییەوە دەستیكەوتووە، ئەو كۆبوونەوەیە بۆ چەند مەبەستێك بووە، یەكێكیان تایبەت بەو سەردانەی ئەم ماوەیەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی ئەو وڵاتە، سەرچاوەكە روونیكردەوە، ماكرۆن داوای لەنێچیرڤان بارزانی كردووە، كورد زیاتر نێوماڵی خۆی رێك بخاتەوە، فەڕەنساش پێی باشە كورد بەهێز بێت، فەڕەنسا داواشی لەسەرۆكی هەرێم كردووە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا زیاتر پتەو بكەن.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەش پەیوەندی بەخودی نێچیرڤان بارزانییەوە هەیە كە دەیەوێت بەسازكردنی ئەم كۆبوونەوەیە كەسایەتی سیاسی خۆی بەشێوەیەكی باشتر دەربخات.

ئەمڕۆ لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی باڵای لایەنە سیاسییەكان بەڕێوەچوو، بەڵام تائێستا سەرۆكایەتی هەرێم راگەیەنراوی سەبارەت بەناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاونەكردۆتەوە.  


PM:04:17:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو