د.زانا زرار: پێشبینی دەکرێت لەداهاتوودا کۆرۆنا خۆی بگۆڕێت بۆ پەتایەکی وەرزی

‌د. زانا زرار

وێستگه‌ نیوز ـ
د. زانا زرار، هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر و دکتۆرا (بۆردی ئینگلیزی) لە نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە، کەئێستا پزیشکی راوێژکارە لەبەشی فریاکەوتنی هەناو لەنەخۆشخانەی کوین ئیلیزابێس لە بێرمینگهام/ بەریتانیا لەم وتووێژەدا باس لەڤاکسینەکانی دژ بەکۆرۆنا دەکات هەروەها ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بەکاریگەری لاوەکی ئەو ڤاکسینانە باس دەکرێت لەڕووی زانستیەوە وەڵامیان دەداتەوە.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

د. زانا زرار به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "گرنگە لەم کاتانە گوێ لە هەموو شتێک رانەگرین و تەنها سەیری بنەما زانستیەکان و گوێ لەقسەی ئەو کەسانە بگرین کە لەو بوارەدا شارەزاییان هەیە، من خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم وەک پزیشکێکی پسپۆڕ نەک هەر لەبواری پزیشکی بەڵکو لەبواری زانستی ڤایرۆلۆجی- لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسی(virology) لێکۆڵینەوەم زۆر لەسەر کردووە و زۆرم لەسەر خوێندوه‌تەوە چونکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی ئێمەوە هەیە، نەخۆشەکانی ئێمە هەم لە لێشاوی یەکەم و هەم لەلێشاوی دووەم لەبەریتانیا نەخۆشێکی زۆرمان بینی و خۆشحاڵ بووین ئێستا سوپاس بۆخوا کە ڤاکسینێک بەردەستە و وایکردووە کەیەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی حاڵه‌تی کۆرۆنا لەبەریتانیا زۆر کەمە".

دەربارەی هەندێک دەنگۆ کەلەسەر لایەنی خراپی ڤاکسینەکان دژ بەکۆرۆنا بڵاودەکرێنەوە؟ ئەو پزیشکە پسپۆڕە روونیکردەوە: "هەندێک خەڵک بەداخەوە ئیستغلالی ترس و دوودڵی هاوڵاتیان دەکات و سۆشیال میدیا بووە بەبازاڕێکی گەرم بۆ ئەو کەسانەی کەئێمە پێیان دەڵێن(Anti-vaxxer) ئەوانەی دژە ڤاکسینن کە رێژەیەکی کەمی خەڵکن بەداخەوە 1% دانیشتوانی خەڵکی جیهان کەمترن بەڵام کاریگەریەکی زۆریان هەیە و سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆئەوەی بیری نادروست و قسەی نادروست بڵاوبکەنەوە و ترس لەناو خەڵک بڵاوبکەنەوە کەڤاکسین لێنەدەن".

د. زانا زرار وتیشی: "من حەزدەکەم دڵنەوایی خەڵک بدەم لە رێگەی ئەم وتووێژەوە ئەو مەترسی و کاریگەرییە خراپانەی دەربارەی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا باس دەکرێت راست نییە کەباسی لێوەدەکەن، ئێمە لەئەرزی واقیع دەیبینین کەئەم ڤاکسینە شتێکی زۆر زۆر باشە شتێکی زۆر کارایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم نەخۆشی و پەتایە وە ئەو خەڵکانەی لێیان داوە و ئێمەش بگرێتەوە و کارمەندانی تەندروستی و کەسوکاریشم لەبەریتانیا و لەکوردستانیش زۆر بەخۆشحاڵیەوە هەموومان لێمانداوە و بارودۆخمان باشە و ئەوەی باسی لێوەدەکەن لەسەر خوێن مەین و مەترسیەکان حاڵاتی زۆر زۆر کەمن هی ئەوە نییە خەڵک ئەوەندە لێی بترسێت".

د. زرار ئەوەشی وت: "ئەم دەنگۆیانەی لەسەر کاریگەری خراپی ڤاکسین باس دەکرێت زیاتر خەڵکانی گێرەشوێنن بەداخەوە کەزۆر دەنگیان دەڕوات لەناو کەناڵەکان و سۆشیال میدیا و زۆر خەڵک دەترسێنن خۆی لە رووی زانستیەوە بەپێی ئامارەکان ئەم حاڵەتانە هەیە و کەمن بەڵام تائێستاش سەد لەسەد دوپات نەکراوەنتەوە کەئەم حاڵەتانەی روویداوە لەجەڵدەی مێشک و خوێن مەینی خوێنهێنەرەکانی ناو مێشک یان خوێن مەینی خوێنهێبەرەکانی ناو سیەکان ئایا ئەمە پەیوەندیان بەڤاکسینەکەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ هەیە یان نا؟ پێشبینی زۆر لێدەکرێت بەڵام گریمان ئەمە وابێت و ڤاکسین ئەم شتە بکات حەزدەکەم قەناعەت بەوە بکرێت کە هیچ دەرمان و هیچ ڤاکسینێک لەدنیا سەد لەسەد سەلامەت نییە و هەموو دەرمانێک و هەموو ڤاکسینێک خۆی لایەنی لاوەکی و موزاعەفاتی هەیە ئەوە قبوڵ بکەین هەندێک لەو شتانە روودەدات بەڵام ئاوا نییە کەگەورە کراوەتەوە چونکە ئەگەر سەیری داتاکان بکەین سەیری ئەوە بکەین کەچەند خەڵک بەو نەخۆشیە تائێستا توشبووە و گیانی لەدەستداوە لەسەرتارسەری جیهان ژمارەکان گەلێک زۆرن بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی توشی خوێن مەین بوون بەبەراورد بەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمن واتە ئەوەندە کەمن کە دەتوانیین ئیهمالی بکەین و گوێی پێنەدەین".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا وەک کاریگەرییە لاوەکییەکانی هەردەرمان و ڤاکسینێکی تر بەتایبەت ڤاکسینی پەتا وەرزییەکانە؟

لەوەڵامدا د. زانا روونیکردەوە: "کاریگەریەکانی جیاوازن چونکە هەر دەرمانێک کاریگەری لاوەکی خۆی هەیە، ئەمەی کەڤاکسین دەیکات وەک ڤاکسینەکانی تر ئەوەی کە لەمناڵانیش دەدرێت لە ئێمەی کارمەندانی تەندروستیش دەدرێت وەک ڤاکسینی پەتای وەرزی ئەنفلوەنزا تۆزێک باڵی کەسەکە قورسدەکات و نەرمەتایەک و لەرزێک و ژانەسەرێک و بێتاقەتی ئەم نیشانە نەرمانە تەنها دوو رۆژ سێ رۆژ دەخایەنێت و لەوە زیاتر نا، ئەوەی پێشبینی کراوە و سەیر کراوە تاک تاک حاڵه‌ت هەبووە لەوڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت لەبەریتانیا لەکۆی 20 ملیۆن کەس کەڤاکسینی ئەسترازینکایان وەرگرتووە تائێستا 30 حاڵەتی خوێن مەیین بەشێوەی جیا جیا بەڵام زۆربەی خوێن مەینی خوێنهێنەرەکانی مێشک بووە جەڵدەی مێشک نەبووە چونکە جەڵدەی مێشک خوێن مەینی خوێنبەر ڕوودەدات، خوێنمەینی خوێنهێنەرەکان توشی جەڵدەی ناکەت بەڵکو توشی حاڵەتێک دەبێت کەپێی دەڵێن خوێنمەینی خوێنهێنەرەکانی مێشک کەلەوانەیە توشی حاڵەتێکی مەترسیدار بێت بەداخەوە حەوت کەسیش گیانی لەدەستداوە بەهۆی ئەو حاڵەتانە لەبەریتانیا بەڵام ئەمە لەکۆی 20 ملیۆن کەس جا ئەگەر ئێمە حسابی بۆ بکەین ئەگەر ئەو 20 ملیۆن کەسە تووشی کۆرۆنا بوونایە بەدەیان هەزار کەس گیانی لەدەست دەدا لەبەرئەوە ئەگەر بەراوردی ئەو ژمارانە بکەین کەمە راستە شتێکە دەبێت خەڵک ئاگای لەخۆی بێت هی ئەوە نییە ئەو هەموو ترس و تۆقینەی بڵاوکردوه‌تەوە لەناو خەڵکی و وایکردووە بەڕاستی خەڵک زۆر دوودڵ بێت و گومانی خراپی هەبێت لەو ڤاکسینانە".

دەربارەی ئەوەی ماوەی مانەوەی بەرگری ڤاکسینەکان کەهەرکەسێک بەکاریدەهێنێت چەندەیە؟

لەوەڵامدا د. زانا زرار وتی: "ئەم ڤاکسینانە تازەن لەبەرئەوە ئێستا دیارنییە، هیچ ڤاکسینێک لەو ڤاکسینانەی کۆرۆنا کەتائێستا دۆزراوەتەوە کاریگەری هەتا هەتایی نییە چونکە لەسەرئەوەی بیرۆکەی ئەوەی ئامێری بەرگری لەشی مرۆڤەکان کاتێک تووشی نەخۆشیەکە دەبن تاچەند بەرگریان لێدەکات ئەو دژەتەنانەی دروستدەبن تائێستا زۆربەی توێژینەوەکان دەڵێن شەش مانگ، هەندێک دەڵێن سێ مانگ یان پێنج مانگ بەڵام لەشەش مانگ تێنەپەڕیووە، ئەو توێژینەوانەی سەرەتایش کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کرا هەمووی ساڵێک نابێت ئەم ڤاکسینانە دۆزراوەتەوە و هەموو چوار مانگە لەسەر ئەرزی واقیع لەسەر خەڵک بەکاردێت، بەریتانیا یەکەم وڵات بوو کەبەکاری هێنا لەمانگی 12ه‌وه‌ تائێستا نزیکە پێنج مانگە و ئەوەی سەیریانکردووە تائێستا دژەتەن هەرماوە واتە پێنج مانگە و پێشبینی دەکەن لەوانەیە بگاتە شەش مانگ بەڵام لەدوای ئەوە هێواش هێواش کەم بکات لەبەر ئەوە گرنگە جورعەی دووەمیش لێبدرێت لەوانەیە ببێت بەپەتای ساڵانە و ئەم ڤاکسینانە ببێت بەپێکوتەی ساڵانە و بۆئەوەی ئەم پەتایە لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت.ئەوەی سەیریان کردووە زانایانی ڤایرۆلۆجی( Virology)".

د. زانا جەختیکردەوە: "ئەوەی پێشبینی دەکەن تائێستا ئەوەی زانراوە تاپێنج مانگ ئەو ڤاکسینە بەکارهاتووە و ئەو کەسانە بەرگری لەشیان هەر دژەتەنیان ماوە، شەش مانگ لەوانەیە زیاتریش بێت بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکەن دەڵێن شەش مانگ، لێرە لە بەریتانیا بڕیاریانداوە کە هەڵمەتێکی تر ڤاکسین لەمانگی نۆوە دەست پێبکەنەوە بۆ زستانی داهاتوو نەوەک ئەو پەتایە لەناومان بمێنێتەوە ئینجا لەگەڵ هەڵمەتی ڤاکسینی کۆرۆنا و هەڵمەتی ڤاکسینی ئەنفلوەنزا و ئەنفلوەنزای بەرازیش کەبەتەمان لەمانگی 10 دەستپێبکات کەواتە یەکەمجارە لەوکاتەوەی ڤاکسین دەرچووە بەشێوەیەک وابکەن لەمانگی نۆ و دەی ئەمساڵ دوبارە ڤاکسینی کۆرۆنا لەو خەڵکە بدەنەوە ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە وای لێبکەن دژە تەنیان زیاتر بۆ دروست ببێت و بەرگری لەشیان بەهێزبێت بۆئەوەی وەک نموونە و تاقیکردنەوە بڵێن ئایا دەکرێت ڤاکسینەکە پێش زستان لێبدەین و بزانیین مەناعەی لەشی ئەو خەڵکە ساڵێک بخایەنێت و بەرگری لێ بکات، پەتاکە ببێت بەتایەکی زستانەی وەرزی ئەمە شتێکی ئایندەیی و دراسەی لەسەر دەکەن و هیوادارین شتەکە وابێت ئەگەر بنبڕیش نەکرێت ببێت بەشتێکی نەرمی و وەرزی و لەناوماندا بمێنێتەوە رابێین لەگەڵیدا و بەشێوەیەکی کەمتر خەڵک تووشبکات و کەمتر خەڵک گیانی لەدەستبدات".

واتە پێشبینی دەکەن کۆرۆنا لەداهاتوودا وەک پەتا وەرزییەکانی تری لێبێت ئایا ئەوە رێی تێدەچێت؟ وەڵامەکەی د. زانا زرار بەمجۆرە بوو: "ئەم ڤایرۆسە خۆی دەگۆڕێت هەروەک ڤایرۆسەکانی تر خۆگۆڕینەکەی وایکردووە تائێستا ئەم ڤایرۆسە لەوە زیاتر بڵاوبێتەوە و لەتوندی ڤایرۆسەکە کەم نەبوه‌تەوە ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا وەک نموونە ساڵانە خۆی دەگۆڕێت بەڵام نەرمتر دەبێت لەجاران لەبەرئەوە بووە بەپەتایەکی وەرزی و خەڵک راهاتووە لەگەڵیدا ئەوەی پێشبینی لێوەدەکەن بەڵێ لەوانەیە کۆرۆناش وایلێبێت کە ڤایرۆسەکە بەشێوەیەک خۆی بگۆڕێت پاش ئەوەی زۆربەی زۆری دانیشتوان پێکوتەیان وەرگرتووە لەشیان تۆزێک بەرگریان لێ پەیدابوو کەبتوانێت بەرگری نەخۆشیەکە بکات ئەو ڤایرۆسە هێواش هێواش کە نەخۆشیەکە لەبڵاوبوونەوە کەمتر بویەوە هێواش هێواش لاوازتر دەبێت و دەبێت بەپەتایەکی وەرزی".

سەبارەت بەجیاوازی کاریگەری ڤاکسینە جیاوازەکان دژ بەکۆرۆنا کەئێستا بەردەستن؟ د. زانا زرار وتی: "کواڵیتی نازانم بەڵام لە دروستکردنی ڤاکسینی ئەم ڤایرۆسە، ئەم ڤاکسینانە یەک تۆز جیاوازیان لەگەڵ یەکتر هەیە هەندێکیان (Spike protein) ڤایڕەسەکەیە و هەندێکیان مەسنجە(RNA) ڤایرۆسەکەیە ئەوەی فایزەر لە رێگەیەکی کیمیاویەوە شتەکەیان دروستکردووە ڤایڕەسەکە خۆی نییە و هەندێکیان پارچەی ڤایڕەسەکەیە هەندێکیشیان ڤایڕەسی مردوون یان ڤایرۆسی لاوازکراون هیچ یەکێک لەمانە ڤایرۆسی زیندووی کۆرۆنای تیایدا نییە هەموویان بەشێوەی جیاجیا بیرۆکەکەیان وایە کە سپایک پرۆتینی(Spike protein) ڤایڕەسەکە لێکبدەن یاخود بەشێوەیەکی کیمیایی(RNA) ڤایرۆسەکە لێبدەن و بۆئەوەی سپایک پرۆتینەکە دروست بکات و ئینجا ئامێری بەرگری لەش دەیناسێتەوە و دژەتەن دژی دروستدەکات، جیاوازییەکانیان لەبیرۆکەی دروستکردن و لەشێوەی گواستنەوە و لە کاریگەریەکەیدایە، هەندێکیان 62% بۆ 70% کاریگەریان هەیە هەندێکیشیان 90% بۆ 95% کاریگەری هەیە بەڵام بیرۆکەکەیان زۆر لەیەکدەچێت".

ئایا پاش وەرگرتنی ڤاکسین گەرەنتی هەیە کەکەسەکە تووشی کۆرۆنا نەبێت؟ لەوەڵامدا د. زانا زرار وتی: "نەخێر هیچ ڤاکسینێک لەسەدا سەد گەرەنتی ئەوەی ناکات کە توش نابێت حاڵەتمان بینووە ڤاکسینیان وەرگرتووە و تووشی کۆرۆنا بوون، زۆر گرنگە ئەو کەسانەی کە ڤاکسین وەردەگرن سێ هەفتەی یەکەم زۆر خۆیان بپارێزن لەبەرئەوەی لەسێ هەفتەی یەکەم ئامێری بەرگری لەش سەرقاڵی ئەوە دەبێت کە دژەتەن دروستبکات دژی ڤاکسینەکە تا ئامادە دەبێت کە بەرگری لێبکات لە ڤایرۆسەکە خۆی لەبەرئەوە ئەکەم دەبێت ئەو کەسانە زۆر خۆیان بپارێزن دوای ئەوەش هەر لە رێکارەکانی خۆپاراستن بەردەوام بن چونکە هیچ ڤاکسینێک لەسەدا سەد کەسەکە ناپارێزێت 60% تا 95% هەیە بەڵام هیچیان 100% نیین."

د. زانا زرار وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە ئایا ڤاکسینەکان بۆ هەموو کەسێک دەبێت؟ لەو روەوە دەڵێت" بەشێوەیەکی گشتی ئەم ڤاکسینانە بۆ هەموو کەسێک دەبێت و هەموو کەسێک دەتوانێت بەکاریبهێنێت لەتەمەنی 16 ساڵیەوە تا تەمەنی 100 ساڵی هیچ کەسێک نییە نەتوانێت بەکاریبهێنێت، تەنانەت ئەوانەی زۆر پیرن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ئەوانەی نەخۆشی دڵ و گورجیلە و هەر نەخۆشییەکیان هەیە و لەهەر قۆناغێکی ژیاندابن هەموویان دەتوانن ڤاکسین وەربگرن، کۆمەڵێک گروپی کەم هەیە کەنابێت ڤاکسین وەربگرن لەبەرئەوەی داتاکان بەردەست نییە و تاقیکردنەوەیان لەسەر نەکراوە تائێستا، یەکەم گروپ ئەو ئافرەتانەی کە دووگیانن هەرچەندە کۆمپانیاکان و حکومەتەکانی جیهان دەڵێن ڤاکسینەکە سەلامەتە بۆ ئافرەتی دووگیان بەڵام داتاکان بەردەست نیین لەبەرئەوە پێمان باشە ئافرەتی دووگیان ڤاکسینی کۆرۆنا وەرنەگرێت، منداڵی خوار 16 ساڵ نابێت ڤاکسینەکە وەربگرن، ئەگەر ئافرەتێک حەبی مەنع وەربگرێت بەتایبەتی ئەوانی ئیسترۆجینی تێدایە یاخودکەسێک کە پێشتر توشی خوێن مەین بوو بێت ئەوانە تۆزێک حەزەر بکەن دەتوانن وەریبگرن بەڵام تۆزێک حەزەر بکەن".

د.زانا ئەوەشی وت "لەڤاکسینی فایزەری ئەمریکیەکە فایزەر بایۆئەنتیک لەبەریتانیا پێیان وتیین ئەوکەسانەی کەهەستیارن بەرامبەر پەنسلین بۆ نموونە ئەگەر حەبی پەنسلین وەربگرن یاخود هەندێک خۆراک وەربگرن وەک فستق لەشیان پەڵەپەڵە سوردەبێتەوە و فشاریان دادەبەزێت ئەگەر ئەو شتە رووبدات لەوانەیە هەندێک لەپێکهاتەکانی ڤاکسین کاریگەریی لەو کەسانە ئەوانەش دەتوانن وەریبگرن بەڵام تۆزێک بەحەزەری، ئەوانەی نابێت بەتەواوی وەریبگرن ئافرەتی دووگیان و منداڵی خوار چوارساڵ ئەوانەی پێشتر خوێن مەینیان هەبووە دەبێت تۆزێک حەزەر بن یاخود ئافرەتێک حەبی مەنع وەردەگرێت کە ئیسترۆجینی تێدایە یاخود کەسێک کە هەستیاری توندی هەبێت".

"دوو هەفتە دوای چاکبوونەوە ئەو کەسانەی ئێستا نەخۆشن تا و لەرز و نیشانەی کۆرۆنایان هەیە یاخود هەر نەخۆشیەکی تریان هەیە هەر پاتایەکی تر بەکتریا بێت ڤایڕەس بێت ئەوانە بەهیچ شێوەیەک نابێت ڤاکسینەکە وەربگرن تا چاکدەبنەوە دوایی کە چاکبوونەوەلەدوای دوو هەفتەوە دەتوانن وەریبگرن، هەروەها ئەگەر کەسێک ئێستا توشبوو بێت و نیشانەکانی نەخۆشیەکەی هەیە و تێستی پۆزەتیڤە بەهیچ شێوەیەک نابێت وەریبگرێت یاخود ئەگەر تێستی کرد بەهۆکارێک لەهۆکارەکان تێستەکەی پۆزەتیڤە کەواتە هەڵگری ڤایڕەسەکەیە وئەمانەش نابێت وەریبگرن لەبەرئەوەی ئەو کاتەی کە ڤاکسینەکە وەردەگرێت بەرگری لەشی تۆزێک دادەبەزێت لەسەرەتاکەی توشی نەخۆشیەکە دەبن، ئەوانەی تێستیان پۆزەتیڤە و نیشانەیان نییە پێمباشە دوو هەفتە ڕابوەستن کەماوەیەی حەزانەی پێدەڵێن لەو دوو هەفتەیە ئەگەر هیچ نیشانەیەکیان لێدەرنەکەوت پێویست ناکات تێست بکەنەوە و دەتوانن دەتوانن دوای ئەو دوو هەفتەیەک ڤاکسینەکە وەربگرن"، د. زانا زرار وایوت.

د. زانا زرار وەڵامی ئەو پرسیارەی بەمجۆرە دایەوە و دەڵێت: "ئەوە پێشبینی لێدەکەن لەتوێژینەوەکان دەڵێن ئەگەر کەسێک جارێک تووشی کۆرۆنا بوو بێت لەوانەیە جارێکی تر توشنەبێتەوە چونکە سەد لەسەد گەرەنتی ناداتێت خۆمان دەزانیین حاڵەت هەبووە خەڵک توشبونەتەوە لەبەرئەوەی زۆربەی توێژینەوەکان دەڵێن بەرگری دژی کۆرۆنا لەکەسێک پێشتر توشبووبێت سێ مانگ تاشەش مانگ دەخایەنێت بەگوێرەی توندی نەخۆشیەکە کەواتە ئەگەر لەماوەی سێ مانگ پێشتر کەسەکە تووش بوو بێت دەتوانرێت وەرینەگرێت بەڵام لە بەریتانیا ئێمە لەهەموو کەسێکی دەدەین ئەگەر کەسێک توشبووە و چاکبوه‌تەوە حەزدەکات وەریبگرێت دەتوانێت وەریبگرێت ئەگەر بڵێت نامەوێت وەریبگرم لەبەرئەوەی من ئێستا بەرگریم هەیە و پێشتر تووشبووم ئەمە شتێکی راست نییە ئێمە پێمان باشە هەموو کەسێک وەریبگرێت تەنانەت ئەگەر پێشتریش توشبووبێت ئێستا هەرباشە ئەم ڤاکسینە وەربگرێت بۆئەوەی دەفعێکی زیاتر بدات بەئامێری بەرگری لەش و زیاتر بەرگری لێبکات".


AM:09:56:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت