لە ئیدارەی گەرمیان زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی ئەنفال دابەشدەکرێت

‌قەڵای شێروانە لە کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان

وێستگە نیوز-

لە ئیدارەی گەرمیان، زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی ئەنفال دابەشدەکرێت، هاوکات بەپێی زانیارییەکانیش، "بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی ژمارەی تاپۆ دەدرێتە 427 سوودمەندبووش لە ناحیەی رزگاری".


بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە. 8ی نیسانی 2021، لە قەزای کەلار زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی ئەنفال دابەشبکرێت و ھاوکات لە ناحیەی رزگاری ژمارەی تاپۆ دەبەخشرێتە ئەو سوودمەندبووانەی ناحیەکە کە پێشتر ژمارەی کاتی زەوییان پێدراوە.

بە پێی زانیارییەکانی وێستگە نیوز، "بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سبەینێ پێنجشەممە لە رێوڕەسمێکدا لە شارەوانی کەلار لە سنوری شارەوانی کەلار ژمارەی زەوی "کاتی"، دەدرێتە 956ھاوڵاتی لەزیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال".

  "ژمارەی تاپۆ دەدرێتە 427 سوودمەندبووی سنوری ناحیەی رزگاری لە زیندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال، کە پێشتر بە فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەی کاتی زەویان پێدراوە".

هەروەها بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە وێستگە نیوز دراون، "بەپێی بڕیاری ژمارە (869)  لەبەرواری 21ی شوباتی 2018 بە واژووی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بریاردرا بە تەرخانکردنی پارچەی زەوی نیشتەجێبوون لەسنوری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە خۆی لە پێنج هەزار و 69 پارچە زەوی پێکدێت".

هاوکات، بەپێی بڕیاری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "بریاردرا بە تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی ناحیەی رزگاری کە پێشووتر ژمارەی ھەواییان پێ درابوو، کە سەرجەمی زەوییە تەرخانکراوەکانی ناحیەی رزگاریش 427 پارچە زەوییە".
 


PM:09:12:07/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت