نرخی نه‌وت بەرزبوونەوە تۆمار دەکات


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان بەڕێژەی 0.28%  بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و لەئێستادا نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 62.43 دۆلار و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكاش بە 59.00 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

شەوی رابردوو بەهای نەوت لەبازارەکانی جیهان بەڕێژەی 3% دابەزینی تۆمارکرد دوای ئەوەی بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاوەڕێ دەکرێت لەچەندین وڵاتی جیهان رێکاری توندی خۆپارێزی بگیرێتەبەر و کارگە پیشەسازییەکان رابگیرێن، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت هەیە.

هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای نەوت پەیوەندی هەیە بە رێککەوتنی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت، روسیا و هاوپەیمانەکانیان کە ناوسراون بە "ئۆپیک پڵەس"، چونکە لەدواین کۆبوونەوەیاندا بڕیاریانداوە بە سێ قۆناغ هەناردەی نەوت بەرزبکەنەوە بەجۆرێک مانگی (ئایار/5)ـی ئەمساڵ ئاستی هەناردەی نەوت 350000 هەزار بەرمیل بەرز دەکرێتەوە.

هاوکات لەئێستادا وەبەرهێنەران و بازاری وزە چاودێری کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڤییەننا بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەکە لەبارەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015یە لەگەڵ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر کەرتی ئابوری و وزەی ئێران، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی خواست و خستنەڕوی نەوت و بەهاکەی لەبازارەکانی وزەدا.


AM:08:25:06/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 2716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت