ئامادەکاری بۆ لە سێدارەدانی سێ برا دەکرێت

‌دیمەنێک لە ئامادەکاری لە سێدارەدان

وێستگە نیوز-

دادگای باڵای تاوانەکانی میسر ئامادەکاری بۆ لەسێدارەدانی سێ برا بەیەکەوە دەکات، دوای ئەوەی دان بە ئەنجامدانی تاوانێکدا دەنێن و دەڵێن، "کە دوو کەسیان لەیەککاتدا کوشتووە".
 
ماڵپەری روسیا تودەی بڵاویکردۆتەوە، "ئەو سێ برایە لە کێڵگەیەکی بەخێوکردن و بەرهەمهێنانی ماسیدا لەگەڵ مامێک و ئامۆزایەکیاندا دەبێتە دەمەقاڵێیان، لەکۆتاییدا مەیدانی دەمەقاڵێکەیان بە کوشتنی ئەو باوک و کوڕە کۆتایی دێت".

دادگای باڵای تاوانەکانی "کەفر شێخ" پەڕاوی لەسێدارەدانی ئەو سێ برایەیان بۆ موفتی کۆماری ناردوەتەوە، بۆ ئەوەی دوای یەکلابونەوەی سزای لەسێدارەدانەکەیان لەلایەن دادگاوە، موفتی-ش بڕیاری لەسەربدات و سزاکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

داواکاری گشتی میسر ئاماژەی بەوەکردوە، کە ئەو سێ برایە لە بنەڕەتەوە پێشوەخت پلانی کوشتنی ئەو باوک و کوڕەیان داناوە، هەربۆیە چەکی بێ مۆڵەتیان بۆ کارەکە ئامادەکردوە و لە کوشتنەکەدا بەکاریانهێناوە.

ئەو دو کەسەی کوژراون لە کێڵگەکەی خۆیاندا سەرقاڵی کارکردن بون و ئەو سێ برایەش چونەتە سەریان و پرۆسەی کوشتنەکەیان ئەنجامداوە، هەربۆیە دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسی ناوچەکەوە دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوە.

وابڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتودا ئەو سێ برایە لەیەککاتدا پرۆسەی لەسێدارەدانەکەیان بەیەکەوە لە کەفر شێخ ئەنجام بدرێت.


PM:05:43:05/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 12396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو