بڕیارەکەی ئۆپیك پڵەس بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت بەواتای چی دێت؟

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای جووڵە خرۆشاوە بازرگانییەکان بەدرێژایی رۆژی پێنجشەممە، نرخەکانی نەوت لەو رۆژەدا بەڕێژەی 3% بەرز بوونەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی ئۆپیك پڵەس بە دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت ئاماژەی ئەوەی دا کە لە وەرزی هاویندا بڕوای بە بووژانەوەی خواستی نەوتی جیهانی هەیە.


بازرگانان و شرۆڤەکاران دووبارە تاڕادەیەك شۆك بوون بە کۆبوونەوەکەی ئۆپیك پڵەس، هەرچەندە بڕیاری گرووپەکە بەڕادەی رێککەوتنی مانگی ڕابردوو بۆ جێگیر هێشتنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی نیسان شۆکهێنەر نەبوو.

لە سەرەتای مانگی ئاداردا، بازاڕ و شرۆڤەکاران پێیان وابوو کە هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەس و سعودیە بەدیاریکراوی مەبەستیان تووندکردنی بازاڕ بووە و گرەویان لەسەر ئەوە کردووە کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەمریکا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد ناکەن.

بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەم مانگەدا، ئۆپیك پڵەس بڕیاری دا تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی پلەبەند و بە بڕی یه‌ك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا زیاد بکات، گرووپەکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 350,000 بەرمیلی رۆژانە لە مانگی ئایار و حوزەیران، 400,000 بەرمیلی رۆژانە لە مانگی تەمموزدا زیاد دەکات.

جگە لەوە، سعودیەش بەهەمان شێوە لەماوەی چەند مانگی کەمی داهاتوودا ئەو کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە زیاد دەکاتەوە کە لەماوەی رابردوودا بەبڕی یه‌ك ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بڕیاری لێدابوو و بە زیادکردنی بڕی 250,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا دەست پێدەکات.

هەرچەندە کاردانەوەی سەرەتا بۆ دەرەنجامەکەی کۆبوونەوەی ئۆپیك پڵەس لە رۆژی پێنجشەممەدا بریتی بوو لە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی قورس چونکە بەرهەمی زیاتر لە رێگایە، بەڵام نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەوە بەڕێژەی 3%، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی بازاڕ دەرکی بەوە کرد کە ئۆپیك پڵەس پێشبینیی بەهێزبوونی خواستی نەوت دەکات لە رێی بڕیارەکەیەوە بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر لە بازاڕ.
 
ئان لویس هیتڵ، جێگری سەرۆکی بەرهەمە نەوتییەکان لە کۆمپانیای ود ماکێنزی دەڵێت، "ڕێککەوتنەکە پشتیوانیی نرخەکانی نەوت دەکات، بەڵام پێویستە هاوکاریش بێت لە خۆبەدوورگرتن لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی رووەو سەر بە هەڵکشانی خواستی نەوت".


PM:01:53:04/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت