دوای دەستبەسەرکردنی، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە

‌هەمزە بن حسێن، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن و برای شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن

وێستگەنیوز-

هەمزە بن حسێن، شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن و برای شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئوردن کە بەهەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتبارکراوە، یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوەی لەئێستادا رودەدات بەشێکە لەهەڵمەتی سەرکوتکردن بۆ شاردنەوە و بێدەنگبوونی گەل بەرامبەر گەندەڵکاران، جەختیش دەکاتەوە ئەو بەشێک نیە لەهیچ پلانێک بۆ "تێکدانی ئاسایشی وڵات".

هەمزە بن حسێن،  شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا کە کەناڵی BBC ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردوەتەوە باسی لەوەشکردوە، "بابەتی هێشتنەوەم لەچوارچێوەی دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ بەشێکە لەهەڵمەتی سەرکوتکردن".

شازادەی جێنشینی پێشوو،  شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و سەرکردەکانی دیکەی وڵاتەکەی بە "گەندەڵ  وبێ توانا" ناوبرد و داوای کرد کۆتایی بهێنرێت بە هەڵمەتی دەستبەسەرکردنەکان.

دوێنێ رۆژنامەی Washington Post بڵاویکردەوە، هەمزە بن حسێن شازادەی جێنشینی پێشوو و دەیان بەرپرسی باڵای ئەمنی بە تۆمەتی هەڕەشە لەسەر ئارامی وڵات دەستگیرکراون.

ئەوەش هاتوە، بەرپرسانی دیوانی شاهانەی ئوردن باوەڕیانوایە "پلان و گەلەکۆمەکییەک هەیە بەهاوکاری ژمارەیەک کەسایەتی، سەرۆک هۆز و بەرپرسانی ئەمنی"، کە لەلایەن ئەندامێکی خێزانی شاهانەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ئوردن لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، حەمزە بن حسێن لەماڵەکەی خۆیدا لە عەمان دەستبەسەرکراوە و "بەرامبەر گەلەکۆمەکی بۆ لەکارخستنی شا عەبدوڵا لێکۆڵینەوە لەگەڵدا دەکرێت".

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی ئوردن، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەکی کەس و بەرپرسی ئەمنی دیکەش دەستگیربکرێن و سەرجەمیان تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵاتیان دراوەتەپاڵ.

لەئێستادا رێکاری ئەمنی توند لەناوچەی "دابوق" گیراوەتەبەر کە نزیکە لەکۆشکی شاهانەی ئوردن.



AM:10:14:04/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 14628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت