لەبارەی"کودەتاکە"ی ئوردن زانیاری نوێ بڵاوکرایەوە
دوای ئەوەی شەوی رابردوو شازادەی جێنشینی پێشوو و زیاتر لە 20 بەرپرسی باڵای ئوردن بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی "کودەتا" بەرامبەر شا عەبدوڵا دوەم پادشای ئوردن دەستبەسەرکران، ئاژانسی هەواڵی ئوردن رایگەیاند، شازادەی جێنشینی پێشوو لەماڵەکەی خۆیدا لە عەمان دەستبەسەرکراوە و بەرامبەر هەوڵدان بۆ لەکارخستنی براکەی لێپرسینەوە لەگەڵدا دەکرێت.
دوێنێ رۆژنامەی Washington Post بڵاویکردەوە، هەمزە بن حسێن شازادەی جێنشینی پێشوو و دەیان بەرپرسی باڵای ئەمنی بە تۆمەتی هەڕەشە لەسەر ئارامی وڵات دەستگیرکراون.
ئەوەش هاتوە، بەرپرسانی دیوانی شاهانەی ئوردن باوەڕیانوایە "پلان و گەلەکۆمەکییەک هەیە بەهاوکاری ژمارەیەک کەسایەتی، سەرۆک هۆز و بەرپرسانی ئەمنی"، کە لەلایەن ئەندامێکی خێزانی شاهانەوە بەڕێوەدەبرێت.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ئوردن لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، حەمزە بن حسێن لەماڵەکەی خۆیدا لە عەمان دەستبەسەرکراوە و "بەرامبەر گەلەکۆمەکی بۆ لەکارخستنی شا عەبدوڵا لێکۆڵینەوە لەگەڵدا دەکرێت".
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی ئوردن، چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەکی کەس و بەرپرسی ئەمنی دیکەش دەستگیربکرێن و سەرجەمیان تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵاتیان دراوەتەپاڵ.
لەئێستادا رێکاری ئەمنی توند لەناوچەی "دابوق" گیراوەتەبەر کە نزیکە لەکۆشکی شاهانەی ئوردن.
AM:09:32:04/04/2021
ئهم بابهته 7640
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت