عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر "شکستهێنانی کودەتا" لەئوردن رادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، پشتیوانی لە شا عه‌بدوڵای دوه‌م پادشای ئوردن و ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته‌ دەکەن و عەممان هه‌ر رێكارێك بگرێته‌به‌ر بۆ هێشتنه‌وه‌ی شكۆ و سه‌روه‌ری پشتیوانی ده‌بن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی "شکستهێنانی کودەتا" لەئوردن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەغدا پشتیوانی شانشینی ئوردن دەکات به‌ سه‌رۆكایه‌تی شا عه‌بدوڵای دوه‌م پادشای ئوردن له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌و وڵاته‌ بیگرێته‌به‌ر.

ئەوەش هاتوە، بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە، بەغدا پشتیوانی هه‌ر رێكارێكە کە بگیرێته‌به‌ر بۆ "هێشتنه‌وه‌ی شكۆ و سه‌روه‌ری ئوردن".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باسی لەوەشکردوە، "جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، ئاسایش و سه‌قامگیری شانشینی ئوردن، ئاسایش و سه‌قامگیری عێراقه‌".

شەوی رابردوش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "مەلیک عەبدوڵای دوەم پادشای ئوردن هاوبەشێکی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و واشنتن پشتیوانی تەواوی دەکات".

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی ئوردن لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، (عوض الله) سەرۆکی پێشوی دیوانی شاهانە و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی "بەهۆکاری ئەمنی" دەستگیرکراون.

پەیوەست بەم بابەتەش رۆژنامەی Washington Post باسی لەوەکردوە، هەمزە بن حسێن شازادەی جێنشینی پێشوو و دەیان بەرپرسی باڵای ئەمنی بە تۆمەتی هەڕەشە لەسەر ئارامی وڵات دەستگیرکراون.

ئەوەش هاتوە، بەرپرسانی دیوانی شاهانەی ئوردن باوەڕیانوایە "پلان و گەلەکۆمەکییەک هەیە بەهاوکاری ژمارەیەک کەسایەتی، سەرۆک هۆز و بەرپرسانی ئەمنی"، کە لەلایەن ئەندامێکی خێزانی شاهانەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەئێستادا رێکاری ئەمنی توند لەناوچەی "دابوق" گیراوەتەبەر کە نزیکە لەکۆشکی شاهانەی ئوردن و چاوەڕێ دەکرێت لەچەند کاتژمێری داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرسی دیکەش دەربکرێت.


AM:08:25:04/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت