عیراق بە ڕێککەوتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك پشت لە گاز و کارەبای ئێران دەکات


وێستگه‌ نیوز-
وەزارەتی نەوتی عیراق رۆژی دووشەممە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ گەورە کۆمپانیای وزە، تۆتاڵی فەرەنسی بۆ جێبەجێکردنی چوار پرۆژە واژۆکرد کە تێچووەکەیان حەوت ملیار دۆلارە.

یەکێک لە پرۆژەکان بوونیادنانی ژێرخان و چارەسەرکردنی گازی بەرهەمهاتووە لەگەڵ نەوت کە بە دوو قۆناخ دەبێت و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانە 600 ملیۆن پێ سێجا گازی هاوتای نەوتی هەیە.

 دوو لە پرۆژەکانیش پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی 'ئەرتاوی' و گواستنەوەی ئاوی 'شەتولعەرەب"ـن بۆ بیرەنەوتەکانی کێڵگەکە. 

یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانەی کە بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عیراق و کۆمپانیای تۆتاڵ کۆمپانیاکە جێبەجێی دەکات بریتیە لە دامەزراندنی پڕۆژەیەکی وزەی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر بە توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبا. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عیراق، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی وزە جەختیان لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ کردووەتەوە کە دەکرێت لە رێگەیانەوە پەرە بە ژێرخانی وزەی عیراق بدرێت. 

وەزیری نەوتی عیراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پڕۆژەی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی گاز لە کێڵگە گازییەکانی بەسڕە، لەنێویاندا کێڵگەی ئەرتاوی، قورنەی رۆژئاوا-2، مەجنوون، ئەلتوبا و لاهیس دەگرێتەوە. 

ئیحسان عەبدولجەبار باسی لەوەش کردووە کە لەگەڵ تۆتاڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن لەو کێڵگانەدا ئامێری پێویستی جیاکردنەوەی گاز دابنێن و لە کێڵگەی 'ئەرتاوی"ـیش ژێرخانی پاڵاوتنی گازی جیاکراوە دابمەزرێنن، بە تەواوبوونی وەبەرهێنانەکەش، عیراق دەبێتە خاوەن یەکێك لە گرنگترین پڕۆژەکانی بواری وزە. 

عیراق جگە لەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ کردوویەتی پێشتریش لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی، چینی و هۆڵەندی ڕێککەوتنی بۆ بەرهەمهێنانی گاز کردووە و دەیەوێت تاوەکو ئاستێکی زۆر سەربەخۆبێت لە دابینکردنی وزە و ئەو 2.5 ملیار دۆلارەشی بۆ بگەڕێتەوە کە لە سووتانی گاز لەدەستی دەچێت. بەگوێرەی پلانەکانی حکومەتی عیراقیش، تاوەکو ساڵی 2025 تەواوی پێویستییەکانی کارەبای وڵاتەکە بە گازی خۆی دابین دەکات. 

بەپێی گرێبەستێک لەگەڵ حکومەتی عیراق، کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی ئەو گازەی کە لە کاتی بەرهەمهێنانی نەوت دێتەدەر بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاریدەهێنێت، هاوکات لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلیتکتریکیش گرێبەستێکی واژۆکردووە بۆ بەرهەمهێنانی 13 گێگاوات کارەبا. 

وەزارەتی نەوتی عیراق جەخت لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی گاز دەکاتەوە و ڕایگەیاندووە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2023 پرۆژەکان تەواودەبن و کۆتایی بە بەهەدەردانی گاز دەهێندرێت.

حامید زوبەیعی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق باسی لەوەکردووە، وەزارەتی نەوت بەردەوامە لەسەر پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی گاز و وەبەرهێنان لە هەر یەك لە گازی هاوتای نەوت و کێڵگە گازییەکان دەکات. زوبەیعی ڕاشیگەیاند پاڵاوگەکانی باکوور و کەربەلا تاوەکو ساڵی 2022 دەکەونە بواری جێبەجێکردن، بەم شێوەیەش توانای خوددابینکاریان لە بەرهەمەکانی نەوت دەبێت.


PM:01:56:31/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت