بەلجیکا منداڵی چەکدارانی داعش لە کامپی هۆڵ دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی

‌کامپی هۆڵ کە تایبەتە کە ژنان و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش

وێستگه‌ نیوز ـ
هزری پەڕگیری لە کەمپی هۆل یەکێك لەو راستییانەیە کە ئەوروپییەکانی نیگەران کردووە و حکومەتی بەلجیکایشی ناچارکرد بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی ناو کەمپی هۆل بدات کە دایک یان باوکیان بەلجیکییە یان بەلجیکی بووە.



سایەل زەوبەع، فەرماندە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی هزری داعش لە کەمپەکە دەڵێت، "هێشتا مەترسیی داعش خۆی لە هەزاران دەستگیرکراوی ناو کەمپی هۆل و کەمپی رۆژ دەبینێتەوە کە تا ئێستاش هەڵگری هزری پەڕگیریی داعشن".
 
ئاژانسی یونیسێفی تایبەت بە منداڵان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە خراپیی بارودۆخی منداڵانی ناو کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، زیاتر لە 22 هەزار منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش کە خەڵکی زیاتر لە 60 وڵاتی جیهانن لە ناو کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
 
هەیدی دو پاو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی چایڵد فۆکەس لەبارەی بڕیارەکەی بەلجیکا دەڵێت: "هەڵوێستی بەلجیکا زۆر بوێرانەیە و پێموایە هانی وڵاتانی دیکەش دەدات بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن و منداڵانی جیهادییەکان بگەڕێننەوە؛ هیوادارم هەموو وڵاتێكی یەکێتیی ئەوروپا ئەو منداڵانە بگەڕێنێتەوە".

زۆری ژمارەی خەڵکی ناو کەمپەکان کە بە سەرووی 70 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن و نزیکەی نیوەیان منداڵن، لەلایەک کۆنترۆڵی هەسەدەی بەسەر کەمپەکانەوە کەمکردووەتەوە و لەلایەکی دیکەوە جووڵەی لایەنگرانی داعشی زیادکردووە.
 
جابر شێخ موستەفا، بەرپرس لە کەمپی هۆل لەبارەی دۆخی ئەمنیی کەمپەکە دەڵێت،"لە سەرەتای 2021ەوە ژمارەی قوربانییان لەم کامپە گەیشتە 31 کەس، شەشیان بە چەقۆ کوژران و 25یان بە دەمانچەی بێدەنگ. ئەوانەی ئەم تاوانە ئەنجامدەدەن شانە نووستووەکانی داعشن لەنێو کەمپی هۆلدا و لیژنەی حەسبە هەن و ئەو تاوانانە ئەنجامدەدەن".
 
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی چایەڵد فۆکەس دەڵێت: "کورد چی دیکە کۆنترۆڵی کەمپی هۆل ناکەن و ئێمە دەبینین کە ئەوە داعشە کۆنترۆڵی دەکات و لەنێو کەمپەکەدا تەنانەت دادگەی بۆیان داناوە و دەشبینین ژنان و کچانی سێ چوار ساڵان نیقابی رەش بەکاردەهێنن. ئێمە دەبینین کە چۆن منداڵان بە بێباوەڕ ناومان دەبەن".
 
ئەلیکساندەر دو کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا بڕیاری گەڕاندنەوەی 30 تاوەکو 50 منداڵی لە دایک یان باوکی بەلجیکی تەمەن 6 تاوەکو 12 ساڵانی لە رۆژائاوای کوردستانەوە بە ئاسایشی ئەوروپاوە بەستەوە و گوتی، منداڵانی ئەمڕۆی نێو کەمپەکان، لەوانەیە ببنە تیرۆریستانی سبەینێ.
 
بە گوێرەی داتاکانی رێکخراوی منداڵپارێزی بەریتانی، لە 2020دا نزیکەی 200 منداڵ گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکانیان، لە 2019 دا ئەو ژمارەیە 685 منداڵ بوو. هێشتا زیاتر لە 27 هەزار منداڵ چاوەڕێی گەڕانەوەن.


PM:01:32:27/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 3704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو