له‌ ئه‌سیوبیا پیاوان ناچاركراون ده‌ستدرێژى سێكسى بكه‌نه‌ سه‌ر خێزانه‌كانیان


وێستگه‌ نیوز-
نەتەوە یەکگرتووەکان رایده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر لە 500 کەیسی دەستدرێژیی سێکسی لە پێنج نۆرینگەی هەرێمی تیگرەی لە ئەسیوپیا تۆمارکراون، هۆشداریش دەدات لەوەی کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە لەوانەیە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتربێت.
 
وەفا سەعید، جێگری رێکخەری هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەسیوپیا رایگەیاند "ژنان دەڵێن لەلایەن چەکدارانەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتەسەریان، چیرۆکی دەستدرێژیی بەکۆمەڵ، دەستدرێژیی سێکسی بە بەرچاوی ئەندامانی خێزانەکانیان و ناچارکردنی پیاوان بە دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر ئەندامانی خێزانەکانیان دەگێڕنەوە".
 
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو، لانیکەم 516 دەستدرێژیی سێکسی لە پێنج بنکەی تەندروستی لە مێکێلێ، ئادیگرات، ووکرۆ، شایر و ئاکسوم تۆمارکراون. ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویستی تەندروستی و ئەو ستیگمایەی "لەکە کۆمەڵایەتییەی" کە هەیە، پێدەچێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتربێت.
 
ژمارەیەک لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کردووە کە هێرشە هەڕەمەکی و ئامانجدارەکان دژی خەڵکی مەدەنی لە تیگرەی رابگیرێت، بەتایبەتی داوای راگرتنی دەستدرێژیی سێکسی و جۆرەکانی دیکەی تووندوتیژیی سێکسییان کردووە.
 
مانگی تشرینی دووەمی 2020 شەڕ لە تیگرەی لەنێوان سەربازانی سەر بە حکومەت و حیزبی حوکمڕانی پێشووی هەرێمەکە، کە بەرەی ئازادیی گەلی تیگرەیە، دەستیپێکرد. سەرۆکوەزیرانی ئەسیوپیا رایگەیاند، سەربازانی ئەریتریا لە ناوچەکەدان.
 
وەفا سەعید دەڵێت "زۆربەی ئەو خەڵکەی لە نێوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون، جگە لەو جلوبەرگەی دەیپۆشن، هیچ شتێکی دیکەیان لەگەڵ خۆیان نەبردووە. ئەوان بەگشتی تووشی شۆک بوون و باس لە سەختییەکانیان دەکەن لەمیانی گەڕان بەدوای سەلامەتیدا. هەندێکیان باس لەوە دەکەن کە ماوەی دوو هەفتە بە پیادە ڕۆشتوون و هەندێکیشیان دەڵێن 500 کیلۆمەتریان بە پێ بڕیوە".
 
بەشێک لەوانەی ئاوارە بوون، باسیان لەوە کردووە کە هەندێکیان کوژراون، بەتایبەتی گەنجانیان، هەروەها لێیان دراوە، هەندێک ژن دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان و ژنی دووگیانیش هەبووە کە منداڵیان بووە و منداڵەکانیان لەدەستداوە.
 
پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئەسیوپیا دانی بەوەدا نا کە کردەوەی دڕندانەی وەکو دەستدرێژیی سێکسی ئەنجامدراوە و گوتیشی، هەر سەربازێک تاوان ئەنجام بدات، سزا دەدرێت.
 
ژمارەیەکیش لە شایەتحاڵان بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە تیگرەی سەربازانی ئەریتریا بەشێوەیەکی رۆتینی هاووڵاتی دەکوژن، دەستدرێژیی سێکسیی بەکۆمەڵ دەکەنە سەریان، ئافرەتان ئەشکەنجە دەدەن و تاڵانی ئەنجامدەدەن. ئەریتریا لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.


PM:02:22:26/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 5372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت