نێرگز.. گوڵەکەی بەهار خۆی نیشاندەدات

‌نێرگز

وێستگە نیوز-

نێرگز گوڵێکی سەلکی بەھارەی بۆنخۆش و دڵبەرە، ناوەڕاستی زەردە و گەڵاکانی ده‌ره‌وه‌شی وردو سپین، نێرگز لە سەرەتای کەژ (وەرز)ی بەھار بە شێوەیەکی خۆڕسک لە دۆڵ و شوێنە ساردەکانی کوردستان ئەڕوێت.


ئەو پانتاییانەی کە گوڵە نێرگزی زۆری تێدا ئەڕوێت و زەرد ئەچێتەوە، پێی ئەوترێت نێرگزەجاڕ.

نێرگز نزیکەی دوو ھەفتە ئەمێنێتەوە، ناوەکەی  کوردیەکی زۆر کۆنە و لە پەھلەویەوە ماوەتەوە nargis، نەرگییس، بە فارسییش پێی ئەڵێن نەرگیس کە هەر لە کوردییە کۆنەکەوە وەگێراوە.

نالی ئەڵێ:
(هێند مونته‌زیری تۆ بوو، هه‌تا چاوی سپی بوو... نه‌رگس، که‌ له‌سه‌ر یه‌ک قه‌ده‌م و دیده‌ چه‌قی بوو).
وا دەرئەکەوێت کە بەشی یەکەمی ناوەکە (نەر) لە (نێرک) یان بە زمانی کۆن نەر- ھاتبێت کە بریتیە لە سەلکی گوڵەکە لە ژێر زەویا، واتا پێکھاتەی ئێتیمۆلۆژی ناوەکە کوردی بوون و ڕەسەنی ناوەکە دەرئەخات.

ھاوکات، ناوی نێرگز لە زمانەکانی دیکەی دنیایا زۆر بە چڕی تێکەڵ بە میتۆلۆژیای گرێکی بووە، کۆنترین زمانی هیندۆئۆروپییش کە ناوی نێرگزی تیایا تۆمار کرابێت گرێکیە.

بۆ یەکەمین جار لە کارەکانی ھۆمێرۆسدا، ناوەکە بە شێوەی narkissos، نەرکیسسۆس ھاتووە. وشه‌که‌، لە ڕووی زمانەوە، واتا گوڵی (نارکیس). واتا نارکیس لە ناوە گرێکیەکە، وەک ناوی شوێن و مەڵبەندێک ھاتووە.
لە چاو گرێکی کۆنا گۆکردنی ناوی گوڵەکە نەختێک گۆڕاوە و، بریتیە لە narkiss نەرکیس، کە لە شێوە پەھلەویەکەوە نزیکە وە ناوەکە ھەرلە ڕێی گرێکیەوە چۆتە ناو زمانەکانی تریشەوە.
بە لاتینی narciss، نەرسیس. لە فەرەنسی و ئەلمانی narcisse، نەرسیس. لە زمانە ئەوروپییەکانی تریش هه‌ر ھاوشێوەیە.

چیرۆکی Narkissos
لە میتۆلۆژیای گرێکیدا ھاتووە کە نەرکیسۆس کوڕێکی گەنجی جوانکیلە بووە، ئەو کە بۆ یەکەمین جار وێنەی خۆی لە ئاوی کانیاوێکدا ئەبینێتەوە‌ یه‌کسه‌ر شەیدای وێنەکەی خۆی ئەبێت، کوڕەکە له‌ شوێنی خۆی به‌نج ئه‌بێت و تا نزیک بوونەوە لە  مەرگ بەدیار وێنەکەی خۆیەوە ئەحەپەسێ، پاشان له‌ لێواری کانیاوه‌که‌یا دائەنیشێ و واز لە ھەموو شتێک ئەھێنێت. نەرکیسۆس دوای مردنی هه‌ر له‌ هه‌مان شوێن ئەبێت بەو  گوڵە.

دیارە گرێکی بوونی ناوەکەش گونجاوە، بەتایبەت گەر ئەوە بزانین کە وشەی گرێکی narkosis، نەرکۆسیس، کە بۆ بەنج کردن بەکاریەت لە ناوی نێرگزەوە نزیکە و واتاکەشی گونجاوە کە بریتیە لە بێ ھەستبوون، سست بوون یان لە پەل و پۆ کەوتن.

گه‌ر سه‌رنج بەینە‌ دێڕە شیعره‌که‌ی نالی له‌سه‌ره‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌کات که‌ نێرگز له‌ چاوه‌ڕاونی خۆشه‌ویسته‌که‌یا هێنده‌ له‌سه‌ر پێ و  چاو له‌ ڕێ وه‌ستاو بووە تا چاوی سپی داهاتووەو و له‌ شوێنی خۆشیا چه‌قییوە به‌ واتای له‌ جوڵه‌ که‌وت و مرد.

ئه‌مه‌ گومانی ئه‌وه‌م لا دروست ئه‌کات، که‌ نالی داستانی نێرگزی یۆنانی بیستووه‌ یان خوێندۆته‌وه‌، یاخود داستانێکی هاوشێوه‌ش لای ئێمه‌ش هه‌بووه‌ و نالی ئاماژه‌ی پێ کردووه‌.
به‌ ڕاستی هه‌موو میتۆلۆژیای مه‌رگی نێرگزی، له‌م دێڕە شیعرییە جوانه‌یا کۆکردۆته‌وه‌. سه‌یر بکه‌ن، هه‌ر نالی

ئەڵێ:
(ئەو چاو غەزالە، فەتەراتی سەرو ماڵە... ئەو نەرگسە کاڵە، نە منی ھێشت و نە کاڵا).
ناوی نێرگز بە شێوەی (نرجس، نەرجس) چۆتە زمانی عەرەبیشەوە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە لە کوردی وەریان گرتووە چونکە لەزۆربەی ناوچەکانی ئەوانا ئەم گوڵە ناڕوێ.


ئامادەکردن: سامانی وەستا بەکر                            


AM:10:32:20/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 7888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو