خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون بۆ ئەمریکا: ئەگەر دەتانەوێت باش بخەون، بێزارمان مەکەن


وێستگه‌ نیوز-
کیم یۆ جونگ، خوشکە دەسەڵاتدارەکەی کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکووور، هۆشداری بە ئەمریکا و ئیدارەی جۆ بایدن دەدات و دەڵێت، ئەگەر دەتانەوێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو شەوانە بە باشی بخەون، کۆریای باکوور بێزار مەکەن و واز لە راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکان بهێنن لەگەڵ کۆریای باشووردا.
 
خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون کە بە یەکێک لە بەهێزترین ئافرەتەکان و دەسەڵاتدارە دیارەکانی کۆریای باکوور دادەنرێت، لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشممە بڵاوکراوەتەوە، رەخنەی لە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور گرتووە و دەڵێت ئەو جۆرە مەشق و جموجووڵانە بۆ بێزارکردنی کۆریای باکوور و هەڕەشەکردنە لە وڵاتەکە.
 
کیم یۆ جونگ هۆشداریش دەدات و دەڵێت، ئەگەر بەو جۆرە بەردەوام بن، چوار ساڵی داهاتوو بۆ ئەمریکا ئارام نابێت.
 
راگەیێندراوەکەی جۆنگ لە کاتێکدایە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لیۆد ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سەردانێک لە ژاپۆنن، رۆژی چوارشەممەش ئەو دوو وەزیرەی ئەمریکا دەگەنە کۆریای باشوور و یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانیش لەو سەردانەدا تاوتوێ دەکرێت، هەڕەشەکانی کۆریای باکوورە بۆ سەر سیۆل.
 
هاوکات پێش چەند رۆژێک بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردبوو کە ئیدارەی کۆشکی سپی لە چەند کەناڵێکەوە ویستوویەتی پەیوەندی بە سەرکردەکانی کۆریای باکوورەوە بکات، بەڵام پیۆنگیانگ نەیویستووە وەڵامی هیچکام لەو هەوڵانەی ئەمریکا بداتەوە. 


PM:02:58:16/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 4056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت