بەرهەم ساڵح: پێویستە بە کردەوە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و شەرعیەتەکان بێت


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

بە بۆنەی ساڵیادی راپەرینەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، پێویستە بە کردەوە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و شەرعیەتەکان بێت و خزمه‌تکردنی هاوڵاتیان و به‌رجه‌سته‌کردنی به‌ها نیشتمانییه‌ راسته‌قینه‌کان بکرێنه‌ پێوه‌ری کارکردن.

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆک کۆماری عیراق 

پیرۆزبایی یادی 30 ساڵه‌ی راپه‌ڕینی ساڵی 1991 له‌ خه‌ڵکی کوردستان و سه‌رجه‌م گه‌لی عێراق ده‌که‌م که‌ بووه‌ ده‌روازه‌ی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ و کۆتایهێنان به‌ رژێمی دیکتاتۆری و به‌رقه‌رارکردنی دیموکراسی.

راپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ وره‌چه‌رخانێکی گه‌وره ‌و مانادار بوو، خه‌باتی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ ئاوێته‌ی یه‌کتر بوون بۆ کۆتایهێنان به‌ زوڵم و زۆداری.

پێویسته‌ له‌م یاده‌دا به‌هاکانی راپه‌ڕین به‌رز رابگیرێن به‌ رێزگرتن له‌ داخوازی و مافه‌کانی خه‌ڵک، به‌کۆتایهێنان به‌ ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی، پێویسته‌ به‌ کرده‌وه‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیەته‌کان بێت و خزمه‌تکردنی هاوڵاتیان و به‌رجه‌سته‌کردنی به‌ها نیشتمانییه‌ راسته‌قینه‌کان بکرێنه‌ پێوه‌ری کارکردن.

یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ کاربکه‌ین بۆ به‌رقه‌رارکردنی حوکمڕانییه‌کی دروست به ‌ئاڕاسته‌ی تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و ئاسته‌نگه‌کان دوور له‌ ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی به‌رته‌سک و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵکاران به‌ کرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای به‌شداری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و له‌به‌رچاوگرتنی داخوازییه‌ ره‌واکانیان.

به‌رهه‌م ساڵح
سه‌رۆک کۆماری عێراق


PM:12:06:05/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت