فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی راپەرینی گەلی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، پاڵپشت بە ھێزە رەسەنەکانی کوردایەتی ، وەرچەرخانێکی مێژووی و ستراتیژی لەژیانی تاک و کۆمەڵگەی کوردەواری روویدا کەئەویش ڕاپەرینی بەھاری 1991ی خەڵکی کوردستان بوو دژی ڕژێمی بەعسی فاشی و وەدەرنانی دارودەستەی بەعسیەکان بوو لەکوردستان.

دەقی راگەیەنراوەکە : 


کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
پێشمەرگە و ڕێکخستنی دێرین و تێکۆشەرانی ئازادی کوردستان
ھاونیشتمانیانی خۆشەویست
ھێزو لایەنە سیاسیە عیراقیەکان

٣٠ ساڵ لەمەوبەر بەپشیوانی کۆمەڵانی خەڵک و بەھێز و بازوی پێشمەرگە قارەمانەکان و بە رۆحی شەھیدە سەربڵندەکانمان ، لەژێر رۆشنایی پێشبینیەکانی سەرۆک مام جەلال و بەئەندازیاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، پاڵپشت بە ھێزە رەسەنەکانی کوردایەتی ، وەرچەرخانێکی مێژووی و ستراتیژی لەژیانی تاک و کۆمەڵگەی کوردەواری روویدا کەئەویش ڕاپەرینی بەھاری ١٩٩١ ی خەڵکی کوردستان بوو دژی ڕژێمی بەعسی فاشی و وەدەرنانی دارودەستەی بەعسیەکان بوو لەکوردستان.

ڕاپەرینی بەھاری خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١ کە لە رانیەی دەروازەوە دەستیپێکرد و لەکەرکوکی قودسی کوردستان تاجەگوڵی لەسەرنا ، ھەربەتەنھا دەرگای ئازادی بۆ مرۆڤی کورد و بۆ پێکھێنانی ئەزمونێکی دیموکراسی لەباشوری کوردستان و بۆ ھەڵبژاردنی ئازاد و پەرلەمان و حکومەتی خۆماڵی کوردی نەکردەوە ، بەڵکو لەمەش زیاتر ڕاپەرینەکەی ئێمە ھەوێنی لاوازبونی ڕژێمی سەدام و درێژبونەوەی بوو تا گەشتە ڕووخانی تەواوەتی ئەو ڕژێمە و پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی ٢٠٠٣ کە بەھاوکاری ھێزەکانی ھاپەیمانان و تەواوی ھێزە عیراقیە ئازادیخوازەکان بەمەش سەرەنجام عیراقێکی دیموکراتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور لەدایک بوو
کوردستانیانی خۆشەویست.

ئێمە لەفراکسیۆنی یەکیتیی لەژێر رۆشنایی سیاسەتی ھاوسەرۆکان و سەرکردایەتی نوێ ، درێژە پێدەری ئەو خەباتە کوردستانیانەی خۆمانین کەئەویش بەرگریکردنە لەمافەکانی خەڵکی کوردستان و بەھاکانی ئازادی تاک و دژایەتی گەندەڵی و چەسپاندنی شەفافیەت لەسێکتەرە گرنگەکانی ئیدارەدانی ژیانی خەڵک بەئامانجی دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.

لایەنە سیاسیە عیراقیە بەرێزەکان

لەم یادە پیرۆزەی راپەرینی خەڵکی کوردستان ، فراکسیۆنی یەکێتیی لەئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوامە لەھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەربنەمای دەستور. ھەر بۆیە لەم کاتەدا جارێکی تر داوا دەکەین کەپێویستە چیدیکە موچەی خەڵک و بژێوی ھاوڵاتیان و موچەخۆرانی کوردستان نەکرێتە قوربانی ململانێی سیاسی و بانگەشەی پێشوەختی ھەڵبژاردن و دەبێت ھەموان سەرباری جیاوازیەکانمان رووبەرووی ئاستەنگەکان ببینەوە و بەرۆحی بەرپرسیاریەتیەوە ھەنگاو بنێین بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاسا گرنگەکانی وەک بودجە و دادگای فیدراڵی و پرۆژە یاسای نەوت و گاز.

لەکۆتایدا ...

ڕێز و وەفا بۆ شەھیدانی سەربەرزی راپەرین و تەواوی کوردستان
سڵاو لەڕۆحی ھەمیشە زیندووی سەرۆک مام جەلال
سەرکەوێ ئیرادەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان


AM:11:37:05/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 2772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو