فراکسیۆنی گۆڕان داوای ئازادکردنی سزادراوانی بادینان دەکات
وێستگەنیوز-
فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چوار ئەندامیان ئامادەی پڕۆسەی دادگایی کردنی کەیسی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان بوون و ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگا بیستوویانە بە بەراورد بە دانپێدانانەکان "جیاوازی و دژیەکی زۆر دەبینین"، بۆیە داوا دەکەن پێداچونەوە بەبڕیارەکەدا بکرێت و سزادراوانی بادینان ئازاد بکرێن.
فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا رایگەیان، "لەگەڵ ئەوەی مافی ئەوەمان نیە دەست وەربدەینە کاروباری دادگاکان، ھەمیشە داوا دەکەین دادگاکان سەربەخۆ بن ، بەڵام ئەوەی لە دانیشتنەکانی دادگا گوێبیست بووین بە بەراورد بە دانپێدانانەکان کە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، جیاوازی و دژیەکی زۆر دەبینین".
ئەوەش هاتووە، بۆیە داوادەکەن لە کاتی پێداچونەوەدا دادگا ڕەچاوی پڕەنسیپی دادپەروەری بکات بەشێوەیەکی بێلایەنانە و دور لە گوشاری سیاسیەکان بەکەیسەکەدا بچێتەوە، بڕیاری پێویستی لەبارەوە لێ بدرێت و ئازاد بکرێن.
ئەوە لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی ئاسایش دەقی ڤیدیۆیی "دانپێدانانی" چالاکوانانی سزدراوی بادینانی بڵاوکردەوە و بە"سیخوڕی، کارکردن بۆ لایەنی چەکداری و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" ناویبردون.
هاوکات لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه دەقی دانپێدانانی ئەمڕۆی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان رەتدەکەنەوە و باسیان لەوەکردوە، لە 5 ٸەندامی ٸەنجومەنی ٸاسایش 3 ٸەندام ئاگاداری ئه‌و راپۆرت و دانپێدانانه نین كه به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڵاو كراونه‌ته‌وه و هه‌ر جۆره به‌یاننامه‌یه‌كیش ره‌تده‌كه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر به ئاگاداریی "ئێمه نه‌بێت و پێشتر له راستی و دروستییه‌كه‌ی دڵنیا نه‌بین"، جەختیش دەکەنەوە به‌یاننامه‌کەی ئه‌مڕۆ "ته‌عبیر له رای فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ناكات".
AM:12:00:05/03/2021
ئه‌م بابه‌ته 1336
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت