سەرکردایەتییەکی پارتی لەبارەی "دانپێدانان"ی چالاکوانە سزادراوەکانی بادینان بۆ وێستگە دەدوێت
ئەو پێنج چالاکوانەی سزای 6 ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو و ئەمڕۆ ڤیدیۆیی "دانپێدانان" بڵاوکرایەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیی "دانپێدانان"ی چالاکوانە سزادراوەکانی بادینان گونجاو بووە وەک وەڵامدانەوەی ئەو کەسانەی بۆچونیان وابووە دۆسییەکەیان پەیوەندی بە رەخنە و وتارنوسینەوە هەبووە، هاوکات رەخنەش لەبەیاننامەکەی سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش دەگرێت بە "بێئاگا لەئیش و کاروباری دەزگای هەواڵگری" ناویان دەبات.
ئاری هەرسین، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بەوێستگەنیوزی راگەیاند، "من کەسێکی یاسایی و هەواڵگری نیم، بەڵام هەرکەس لەوانەی کە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە لەجێگەی ئەو هەموو قسە و تەعلیقەی دراوە گوایە ئەوانە بێ تاوانن و پارتی لەخۆڕا ئەوانەی گرتووە کە چوار رەخنە و وتاریان نوسیوە، ئەگەر لەسەر رەخنەبێت دەبووایە پارتی من بگرێت چونکە کەس بەقەد من کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتیم رەخنەی لە حزبەکەی خۆم نەگرتووە بە گۆڕان و یەکێتیشەوە، ئەوەی بڵاوکرایەوە بەبۆچونی من لەشوێنی خۆیدا بوو بۆ ئەوەی خەڵک ئەوەی نەمێنێت کە بڵێن پارتی دەستی لەم بابەتەدا، ئەم بابەتە پەیوەندی بەپارتییەوە نیە و پەیوەندی بە دەزگای ئاسایشەوە هەیە".
لەبارەی دانپێدانانی ئەو چالاکوانانەش کە دەوترێت "لەژێر ئەشکەنجەدا" بووە، ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، "بەرەنگ و ڕوو و ئەو کەسانەشی کە قسەیان دەکرد دیاربوو کە هیچ کەس ئەشکەنجە نەدراوە و ئەوانەی شیکەرەوەی دەرونیشن ئەگەر سەیری دەمو و چاوی ئەو کەسانەیان کردبێت، زۆر باش دیارە کە دەرزی و خواردنی وەک حەبیان پێ نەدراوە".
لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە
پەیوەست بە راگەیەنراوی سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش کە "دانپێدانانی" چالاکوانە سزادراوەکانی بادینان رەتدەکەنەوە، ئاری هەرسین وتی، "پێویستە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە وتی من ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانم یان دەزگای پاراستن یان زانیاری، دەبێت لە گرنگی شوێن و پێگەی خۆی تێبگات، ئەو برادەرانەی کەلە سلێمانی ئەمەیان بڵاوکردوەتەوە و وتویانە ئێمە ئاگاداری ئەم لێکۆڵینەوەیە نین، تەبعەن تۆ ئاگاداری نیت چونکە ئەوە ئیشی ئێوە نیە و ئیشی کارمەندەکانی دەزگای ئەنجومەنی ئاسایشە ئەوانەی کاریان لێکۆڵینەوە و تەحقیقە، خۆ سەرۆک و جێگری سەرۆکی CIA، مۆساد، وەزیری ئیتڵاعات و جێگیرەکەی لەئێران و ئەوانە ئاگایان لە لێکۆڵینەوەی ئەو کەسانە هەیە کە بەتۆمەتی جاسوسی دەستگیرکراون، تەبعەن ئاگایان لێ نیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "من سەیرم لێدێت ئەو برادەرانە لەجێگەی ئەو راگەیەنراوە شەرمن، پڕ تەعلیقە و بێ دەسەڵاتییە، دەبوایە جورئەتیان تیابێت دەستلەکاربکێشنەوە لەپۆستەکەی خۆیان یان یاداشتێک بدەن بە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و داوای رونکردنەوەی لێ بکەن بۆ ئەوەی لێی حاڵی بن، ئینجا بچن بۆ میدیا بڵاویبکەنەوە، بەڵام دیارە ئەو برادەرانە لەکەلتوری ئیشی هەواڵگری تێنەگەیشتوون".
ئەوە لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی ئاسایش دەقی ڤیدیۆیی "دانپێدانانی" چالاکوانانی سزدراوی بادینانی بڵاوکردەوە و بە"سیخوڕی، کارکردن بۆ لایەنی چەکداری و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان" ناویبردون.
هاوکات لەراگەیەنراوێکی هاوبەشدا سهرۆكی دهزگای ئاسایشی ههرێمی كوردستان، بهڕێوهبهری ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری و بهڕێوهبهری ههواڵگریی پێشمهرگه دەقی دانپێدانانی ئەمڕۆی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان رەتدەکەنەوە و باسیان لەوەکردوە، لە 5 ٸەندامی ٸەنجومەنی ٸاسایش 3 ٸەندام ئاگاداری ئهو راپۆرت و دانپێدانانه نین كه بهناوی ئهنجومهنی ئاسایش بڵاو كراونهتهوه و ههر جۆره بهیاننامهیهكیش رهتدهكهنهوه ئهگهر به ئاگاداریی "ئێمه نهبێت و پێشتر له راستی و دروستییهكهی دڵنیا نهبین"، جەختیش دەکەنەوە بهیاننامهکەی ئهمڕۆ "تهعبیر له رای فهرمیی ئهنجومهنی ئاسایش ناكات".
رۆژی 16ی شوبات دادگای تاوانهكانی دووی ههولێر بڕیاریدا بهشهش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان).
بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بووە کەتایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێم و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوە و داوا دەکەن دادگای پێداچونەوەی هەرێم بەبڕیارەکەدا بچێتەوە و سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی بڕیارەکەیان بۆ دەرچووە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئهیاد كهرهم، گوهدار محهمهد ئهمین، شڤان سهعید و هاریوان عیسا)، بەوتەی ئاسۆ ئاشم پارێزەری دەستگیرکراوەکان و ئەو پەرلەمانتار و چالاکوانانەی ئامادەی دانیشتنەگەی دادگا بوون راگیراوەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردوەتەوە و دانیان بەهیچ شتێکدا نەناوە کە تاوان بێت و ھیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر نەبووە تاوانباریان بکات،لەئەنجامیشدا دادوەر شەش ساڵ حوکمیداون.
ئەو کەسانەی ناڕازین لەبڕیارەکانی دادگا باوەڕیانوایە پێویست بووە ئەو کەسانە بەیاسای ژمارە (35)ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە (11) خۆپیشاندانەکان لەهەرێمی کوردستان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە ئەو کەسانە هاوڵاتی مەدەنی رەخنەگرو بێ چەکن بەپێی دەستوری عێراق مافی ئازادی رادەربرینیان پێداوە، داواش دەکەن حکومەتی ھەرێمیش واز لە تەحەدا و فشارخستن بۆ سەر دەستەڵاتی دادوەری بھێنێت و بە نیشتیمانییانە مامەڵە لەگەڵ راگیراوەکان بکات.
PM:11:00:04/03/2021
ئهم بابهته 6180
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت