حوسییەکان مووشەکێك ئاڕاستەی ئارامکۆ دەکەن


وێستگه‌ نیوز-
حوسییەکانی یەمەن ڕایده‌گه‌یه‌نێت، کە مووشەکێکیان ئاڕاستەی بنکەی ئارامکۆ لە شاری جددە لەسەر دەریای سوور کردووە، ئەوەش بووە دوایین زنجیرە مووشەکی سنووربڕ و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە گرووپەکە دژی سعودیە ئەنجامی بدات.

یەحیا ساری، وتەبێژی حوسییەکان لە تویتێکدا ڕایگەیاند، کە چەکدارانی حوسی بە موشەکێکی جۆری قودس-2 پێگەیەکی ئارامکۆیان لە جیددە پێکاوە، ئەوەش لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە و وەك تۆڵەیەك دژی هەڵمەتی سەربازیی شەش ساڵەی سعودیە لە یەمەن.

کۆمپانیای ئارامکۆ، کە بەشی زۆری پێگەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەڵکەوتوون، ئامادە نەبوو لەمبارەیەوە لێدوان بدات.

چەکدارە حوسییە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران لە ڕابردوودا هێرشیان کردۆتە سەر پێگەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ، ئەوەش بەهۆی نەپارێزراویی ژێرخانی گرانبایی نەوتی سعودیەوە.

وێستگەکە، کە پێگەیەکی کاتیی کۆگاکردنی بەنزین، دیزڵ و بەرهەمە پەترۆکیماییەکانیترە بەر لە دابەشکردنیان، کەوتۆتە بەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا عبدالعزیز، کە فڕۆکەخانەیەکی دیارە و لێیەوە موسڵمانان بۆ مەراسیمی حەجکردن بەرێ دەکەون.


PM:03:33:04/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت