وەزارەتی تەندروستی خشتەی دابەشكردنی ڤاكسینەكەی بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز-

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی ڤاكسینی كۆرۆنای بەپێی پارێزگا و ناوچەكانی هەرێم بڵاوكردەوە.



د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، بڕیاری بەكارهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVD19 لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی، لەگەڵ دەرچوونی بڕوانامەی شیكاری و ڕێگەپێدانی بەكارهێنان و سەلامەتی وەرگرتن دەرچوو.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتەكەیان بە فەرمی بڕیاریدا بەدابەشكردن و پێدان و بەكارهێنانی ڤاكسینەكە كە لەلایەن سەنتەرەكانی وەرگرتنی پێكوتە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە ئەمڕۆوە دەتواندرێت بەكاربهێنرێت وەكو قۆناغی یەكەم بۆ كوتانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەپێی ڕێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو.

وەك حەوێزی باسیكردووە، ڤاكسینی جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm)ی چینی كە بەشێوەی بەخشین لەلایەن كۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی كوردستان دابینكراوە، دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بەپلانی نیشتمانی و ڕێكارەكانی دەستنیشانكراو.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتویەتی "بە دڵنیاییەوە، بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەكانی دابینكردنی بڕی زیاتری ڤاكسین بە پاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدڕاڵ بۆ چین و توێژەكانی تری مەترسیدار لە كۆمەڵگا لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی كوردستان".

دوێنێ بڕی ڤاكسینی دیاریكراو بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردرا و دواتریش بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكرا.




PM:10:33:03/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 13328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت