نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە
وێستگە نیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركۆنەی هێرش بۆ سەر بنكەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عەین ئەسەد دەكات و رایدەگەیەنێت، دووبارەبوونەی بەردەوامی پەلاماردان و هێرش لەسەر هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەكانی عێراقە و ئارامی و سەقامگیریی وڵات و ئێستا و داهاتووی دەخاتە مەترسییەكی راستەقینەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا رایگەیاند "زۆر بە توندی سەر كۆنەی ئەو هێرشە مووشەكییە دەكەم كە ئەمڕۆ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمەریكا لە بنكەی عەینولئەسەدی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق كردە ئامانج و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێك گیانی لەدەستدا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاریی قوربانییەكە دەكەم، لەم كاتە سەختەدا هاوسۆز و هاوخەمیانم".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووبارەبوونەوەی بەردەوامی پەلاماردان و هێرش لەسەر هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە "لەسەر داوای حكومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ پشتگیریی و هاوكاریكردنی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقن، بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق" ناودەبات كە پێیوایە: "ئارامی و سەقامگیریی وڵات و ئێستا و داهاتووی دەخاتە مەترسییەكی راستەقینەوه".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردوە "بێگومان عێراق لە دۆخی ئێستایدا هێشتا پێویستی بە بەردەوامیی هاوكاری و یارمەتیدانی ئەمەریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییه بۆ ڕێگری لە بەهێزبوونەوەی داعش و لەناوبردنی یەكجارەكیی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییەی رۆژ بە رۆژ هەڕەشە و مەترسییەكەی زیاتر دەبێت و كردە سەربازییەكان و جموجۆڵە تیرۆریستییەكانی فراونتر دەبن".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا داوا لە حكومەت و پەرلەمان و هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە و گەلانی عێراق دەكات: "بەرامبەر ئەم هێرش و پەلامارانە بێنە دەنگ و رێگە نەدرێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكان و داهاتووی ئەوان، عێراق بكرێتە گۆڕەپانی پێكدادان و یەكلاكردنەوەی ململانێكان".
PM:09:46:03/03/2021
ئهم بابهته 14384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت