فەرەنسا داوایەک لە ئێران دەکات


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

ئێمانوێل ماكرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە حەسەن رۆحانی، سەرۆكی ئێرانی راگەیاندووە، پێویستە تاران دەستبەجێ دەستپێشخەری روون پێشكەش بكات بۆ رێگەدان بە دەستپێكردنەوەی دانوستان لە بارەی رێككەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی 2015 واژۆکراوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوایەکی پێشکەشی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کردووە و داواکارە ئەو وڵاتە دەستبەجێ دەستپێشخەری روون پێشکەشبکات بە مەبەستی دووبارە گەرانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.

ماكرۆن نیگەرانی خۆی بۆ رۆحانی دەربری سەبارەت بریارەكانی ئێران، كە پێشێلكردنی رێككەوتنی ڤییەنای ساڵی 2015 دەكەن.

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

لە راگەیەندراوی کۆشکی ئەلیزێدا ھاتووە، "دوای ئەوەی ھەوڵەكانی فەرەنسا و ھاوبەشەكانی لەم ساڵانەی دواییدا بەبیری رۆحانی ھێنایەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکبەرێگای دانوستاندا، سەرۆكی فەرەنسا جەختیكردەوە لەسەر گرنگی ئەوەی ئێران دەستپێشخەری روون و دەستبەجێ پێشكەش بكات بۆ ئەوەی رێگا بدرێت دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە و لەگەڵ گشت لایەنەكانی واژۆیان لەسەر رێككەوتنی ڤییەنا كردووە".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئێف لۆدریان، رایگەیاند، لە رۆژانی داھاتوودا پڕۆژەیاسایەك پێشكەش بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەكرێت بۆ رەخنەگرتن لە بڕیاری ئێران لە سنوورداركردنی ھاریكاریكردن لەگەڵ ئاژانسەكە.

ھەر یەك لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، رۆژی دووشەممەی رابردوو پلانێكیان بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشكەش كرد بۆ دەركردنی بریارێك لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، وێڕای ھۆشدارییەكانی رووسیا و ئێران لە ئەنجامی خراپی ئەم پلانە.

ئەمە لە كاتیكدایە لە ڤییەنا كار و كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگارانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەردەوامە و دوای رۆژێك دێت لە ھۆشداریدانی ئەمینداری گشتی ئەو رێكخراوە لەبارەی بەكارھێنانی كاری پشكێنەران وەك كارتی فشار بۆ گفتوگۆكانی سیاسی لە دۆسیەی ئێرانیدا.

ئەنجوومەن لەم ھەفتەیەدا رەشنووسی بڕیارێكی ئەوروپایی تاوتوێ دەكەن لە بارەی كەمكردنەوەی كاری پشكێنەرانی نێودەوڵەتی و نەبوونی شەفافیەت لە رەفتاركردن لەگەڵ ئاژانسدا لە لایەن ئێرانەوە.



PM:07:03:03/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت