ئومێد خۆشناو: لە بەردەم یاسادا ملمان لە موو باریکترە


وێستگه‌ نیوز-
پاریزگاری هەولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر لە دادگا دۆسییەیەک دژییان جوڵێنرابێت لە بەردەم یاسادا ئامادە دەبن، دەشڵێت، "لە بەردەم یاسادا ملمان لە موو باریکترە."

لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا پرسیارێک ئاڕاستەی ئومێد خۆشناو کرا، کە "ئایا مەحمود سەنگاوی سکاڵای لەسەر ئێوە جوڵاندووە؟"

ئومێد خۆشناو پاریزگاری هەولێر لە وەڵامدا وتی، "منیش لە میدیاکانەوە گوێبیستی ئەوە بووم کە مەحمود سەنگاوی سکاڵای لەسەرم تۆمارکردووە، بەڵام تا ئێستا شتێکی فەرمی نییە لەو بارەیەوە."

ئومێد خۆشناو دەشڵێت، "لە پێشتریشدا مەحمود سەنگاوی سکاڵای لەسەر من هەبووە و چەند جارێک سکاڵاکەی جوڵاندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی من ئەندامی پەرلەمانی کورستان بووم و پارێزبەندیم هەبووە بۆیە بابەتەکە بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر مەحمود سەنگاوی ئەو دۆسییەیەی لە دادگا جوڵاندبێت ئێمە لە یاسا گەورەترین نین و لە بەردەم یاسادا ئامادە دەبین."

پاریزگاری هەولێر جەختیشیکردەوە، "دڵنیایی دەدەم بە خەڵکی کوردستان هەر سکاڵایەک هەبێت ئێمە ملمان لە موو باریکترە و لە بەرامبەر یاسادا دەوەستین."

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، کە مەحمود سەنگاوی سکاڵایەکی لە دژی ئومێد خۆشناو جوڵاندووە و هاوڵاتیان لەسەر ئەوەی کە ئایا ئومێد خۆشناو لە بەردەم دادگادا سەرنجی جیاوازیان هەبوو.


PM:01:08:03/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 11140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت