بەڕێوەبەری ئامار: پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە


وێستگه‌ نیوز-
بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و لە ئێستادا فۆڕمێکیان پێشکەشی ھەموو پلە تایبەتەکان کردووە، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ پێویستە پڕی بکەنەوە بۆ ئەوەی بزانن کێ یاساییە و کێش نایاساییە، ئەوەی پڕیشی نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت.

سەباح موخلیس، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، فۆڕمێکمان بەسەر ھەموو پلە باڵاکان وەکو وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دابەش کردووە، بۆ ئەوەی پڕی بکەنەوە و ھەموو زانیارییەکمان بۆ ئاشکرا بکەن، چونکە لە کاتی خۆی کەسێک ھەبووە وەزیر بووە و دۆسیەکەی کەموکوڕی ھەبووە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، پێویستە بەو فۆڕمە زانیارییەکان پڕ بکرێتەوە، کە ئەوەی یاسایی بێت پڕی دەکاتەوە و ئەوەی نایاساییش بێت ئاشکرا دەبێت، بۆیە لە ئێستادا خەریکە فۆڕمەکە تەواو دەبێت، بەڵام زۆرینەی پڕیان کردووەتەوە، تەنها ئەوانەی دەرەوەی وڵات ھێشتا پڕیان نەکردووەتەوە و دوای پڕکردنەوە و تەواوبوونی فۆڕمەکەش، ئەوکات پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و رێک دەخرێتەوە، کە پاشان بۆ ئەنجومەنی وەزیران رەوانە دەکرێت و ئەوان بڕیاری لێ دەدەن.

موخلیس وتیشی، ئەوەی فۆڕمەکە پڕ نەکاتەوە، مووچەکەی رادەگیرێت تاوەکو فۆڕمەکە پڕ دەکاتەوە لە چاکسازیکردن لە پلە تایبەتەکان گەیشتووینەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە 750 کەس دەبن و ئەوانیش 90%ی تەواو بووە و ئەگەر ئەوانەش تەواو بێت، ئەوانی دیکە وەکو وەزیر و بریکار ژمارەیان کەمە و زۆر نییە.

دەشڵێت: "لەناو بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش خەڵکی نایاسایی تێدایە، بەڵام تا تەواو نەبین، نازانین ژمارەیان چەندە و کاتێک تەواو بووین، ئەوکات ژمارەیان دیار دەبێت".


PM:01:01:03/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 34936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت