"لە دوای رفاندنی هەشت شۆفێری بارهەڵگر عەلوەی سلێمانی دادەخرێت"


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی رایدەگەیەنن، عەلوەی سلێمانی دادەخەن و کار ناکەن بەهۆی ئەوەی هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە، نوێنەرێکیشیان دەڵێت، دوێنێ هەشت شۆفێریان رفێندراوە و دواتر ئازادکراون بۆیە تاوەکو کێشەکەیان بۆ چارەسەرنەکەن عەلوە ناکەنەوە.  

رۆژی یەکشەممە 28ی شوباتی 2021، ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگر لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بارەکانی دەروازەی سنوریی سەیرانبەن و شوشمێ-یان قۆرخ کردووە و ڕێگە بەوان نادەن لە دەروازەکە کاربکەن و دوایانکرد، کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.  

لەدوای دوو ڕۆژ لەوە و ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئاداری 2021، لە لافیتەیەكی گەورەدا، كە بە دیواری عەلوەی سەوزە و میوەی شاری سلێمانیدا هەڵواسراوە، كاسبكارانی عەلوەکە نوسیویانە، "لەبەر نەبوونی ئەمنیەتی بارهەڵگرەكانمان و سەلامەتی گیانی هەموولایەك لەرێگای مەرزەكان لە رۆژی هەینی 5ی ئادارەوە دەرگاكانی عەلوە دادەخەن." 

لەوبارەیەوە سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی سەندیکای عەلوەی سلێمانی رایگەیاندووە، "لەلایەن کۆمەڵێک لە شۆفێرانی بارهەڵگری دەروازەی سنوری باشماخ، هەرەشەمان لێکراوە و دوێنێ دووشەممە هەشت شۆفێری ئێمە بە بارهەڵگرەکانیانەوە ڕفێندراون، دواتر بەرێگەی کۆمەڵایەتی ئازادکراون". 

لەبارەی کێشەکەوە، ڕوونیکردەوە، "ماوەی چەند ساڵێکە ئەم کێشەیە هەیە، ئێمە وەک عەلوەی سلێمانی شۆفێر و بارهەڵگری خۆمان هەیە، پێشتر لە دەروازەی سنوریی باشماخ کارمان دەکرد و بارمان دەهێنا، بەڵام ئەو شۆفێرانە کێشەیان بۆ دروست کردین و وتیان دەبێت، ئێمەش بار ببەین، تائەوەی ئێمە دەروازەی باشماخمان بۆ جێهێشتن."  

باسی لەوەشکرد، "شۆفێرانی ئێمە چوونە هەردوو دەروازەی سەیرانبەن و شوشمێ، ئێستا کە بارەکانی ئەو دوو دەروازەیە زیاترە و لە باشماخ بار کەمبووەتەوە، دیسان هاتوونەتەوە دەڵێن، دەبێت لە دەروازەی سەیرانبەن و شوشمێ-ش بارببەین."  

سەروەر عەلی دەشڵێت، "تا ئەوەی گەیشتووەتە ئەوەی هەڕەشەمان لێبکەن و شۆفێرەکان و بارهەڵگرەکان بڕفێنن و هەڕەشەش لە کاسبکارانی عەلوەکە بکەن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە عەلوەی سلێمانی دادەخەین تاوەکو لایەنی پەیوەندیدار کێشەکەمان بۆ چارەسەر دەکەن، بە پێچەوانەوە دەرگای عەلوە ناکەینەوە کار ناکەین و ژیانی خۆمان ناخەینە مەترسییەوە.  

  

  



PM:10:28:02/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت