مانگی رابردوو عێراق بڕى پێنج ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە


وێستگه‌ نیوز-
وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەی نەوتی بۆ مانگی شوبات راده‌گه‌یه‌نێت، کە لەو مانگەدا 82 ملیۆن و 877 هەزار و 757 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و بەتێکڕا رۆژانە 2.960 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. داهاتەکەشی زیاتر لە ملیار دۆلار بووە. 
 
بەپێى ئەو ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە، هەناردەی نەوت لە مانگی شوبات بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم رۆژانە 92 هەزار بەرمیل زیادی کردووە.
 
لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کۆی هەناردەی نەوت 79 ملیۆن و 105 هەزار و 329 بەرمیل بووە. لە کێڵگەکانی کەرکووکیش 3 ملیۆن و 727 هەزار و 428 بەرمیل بووە، کە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا کراوە. 
 
بەرمیلێک نەوتی عێراق لە مانگی شوباتدا بە تێکڕا بە 60 دۆلار و 33 سەنت فرۆشراوە و کۆی داهاتەکەشی 5 ملیار و 27 هەزار و 807 دۆلار بووە.
 
ئەو ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆناگرێت. بەگوێرەی ئامارەکانی چەند مانگی رابردووی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت عێراق ناسراو بە سۆمۆ، هەرێمی کوردستان رۆژانە لەنێوان 420 هەزار بۆ 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
 
عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو رێکخراوی ئۆپێکە و زیاتر لە 93٪ی داهاتی وڵاتەکەی لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت. بۆیە بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بودجە و داهاتی ئەو وڵاتە دەبێت. 
 
ئێستا کە نرخی نەوت لە سەرووی 60 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کورتهێنان لە بودجەی عێراق کەمبووەتەوە. ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە داوە بۆ ئەوەی کورتهێنان لە بودجەی وڵاتەکەی نەبێت، دەبێت بەرمیلێک نەوت بە 80 دۆلار بفرۆشێت. 


PM:03:19:02/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت