لەبارەی زیادبوونی قوربانییەکانی "سێكسی ئەلیكترۆنی" لەکوردستان هۆشداری دەدرێت

‌لە قەزایەكی كوردستان، هەفتانە 11 كەس ڤیدیۆی سێكسی لێ تۆماركراوە، هەرێمی کورستان بە قوناغێكی "مەترسیداری" سۆشیال میدیا ناودەبرێت

وێستگەنیوز-

شارەزایەکی  تەكنەلۆژیای زانیاری و پێگە کۆمەڵایەتییەکان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کورستان لەبەردەم قوناغێكی مەترسیداری سۆشیال میدیادایە و لەئێستادا بڵاوبونەوەی "سێكسی ئەلیكترۆنی" بووەتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار دۆلار رەوانەی دەرەوەی كوردستان بکرێت، داواش دەکات سنورێک لەمیدیای کوردی بۆ باسکردنی "سێکس و نیشاندانی وێنەی نیمچەروت" دابنرێت کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ زیادبونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەندام عومەر، ماستەر لە ئەندازیاری كۆمپیوتەر و بەڕێوەبەری كۆمپانیای تێك ئای بۆ تەكنەلۆژیای زانیاری لەپەیجی خۆی لەفەیسبوک نوسیویەتی، "سێكس یەكێكە لە 5 بەهێزترین سێكتەری بازرگانی لەسەرانسەری جیهان، لەگەڵ پێشكەوتنە بەردەوامەكانی تەكنەلۆژیا، سێكسی ئەلیكترۆنییش زیاد بووە كە خۆی دەبینێتەوە لە قسە كردن و نوسین و پەیوەندی دەنگ و رەنگ (ڤیدیۆ)، سێكسی ئەلیكترۆنی بریتیە لە خۆبەتاڵكردنەوە لە حەز و ئارەزوەكان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر چ بە شێوەی نوسین (نامە-چات)،بە شێوەی دەنگ (مۆبایل ئەپڵیكەیشنەكانی پەیوەندی كردن)یاخود بە شێوەی دەنگ و ڕەنگ (ڤیدیۆكۆڵ)".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ماوەی چەند ساڵێكە سێكسی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان بڵاوبۆتەوە و بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار دۆلار رەوانەی دەرەوەی كوردستان كراوە، نەبوونی هۆشیاری پێویست و تێنەگەیشتن لە بنەما سەرەكیەكانی سۆشیال میدیا ، بە بێ دەنگی كوردستانی پەلكێش كردوە بۆ قۆناغێكی مەترسیدار و هێواش هێواش ئەو مەترسیانە ئاشكرا دەبن، لە ماوەی ڕابردوودا و بە تایبەتی تر كۆتایی ئەم 3 ساڵە، مانگانە سەدان هەزار دۆلار رەوانەی دەرەوەی ووڵات دەكرێت (بە تایبەتی مەغریب و تونس و جەزائیر) بە هۆی تۆماری ڤیدیۆی ئابروبەرانەی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان یاخود بە واتایەكی تر سێكسی ئەلیكترۆنی".

ئەو شارەزایەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دەدات لەمەترسییەکانی بڵابونەوەی ئەو جۆرە بازرگانییە و باس لەوە دەکات، باندە مەغریبیەكان سەرمەشقی ئەو كارەیان كردوە و لە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە سێكسی ئەلیكترۆنی بە شێوەی ڤیدیۆ لەگەڵ خەڵك ئەنجام دەدەن و دواتریش هەرەشەی بڵاوكردنەوەی لێدەكەن ،بۆ ئەم مەبەستەش مانگانە سەدان هەزار دۆلار لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی دەرەوەی ووڵات دەكرێت بە مەبەستی "ئابرونەچوون و بڵاو نەكردنەوەی ڤیدیۆكانیان، بەگوێرەی ئامارێکیش قەزایەكی بچووكی ئەم كوردستانە، هەفتانە 11 كەس ڤیدیۆی سێكسی لێ تۆماركراوە لەلایەن ئەو باندە مەغریبیانەوە، لە هەمان كاتدا و بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوەخۆ، ڕۆژانە 72 كەس لە تەواوی هەرێمی كوردستان داوای یاسایی تۆماردەكات دژی خراپ بەكارهێنانی سۆشیال میدیا و هەڵخەتاندن و هەرەشە و سووكایەتی پێكردن ".

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەوەی جێگای مەترسییە، ئێستا ئەو باند و گروپانە لە هەرێمی كوردستان ، بە مەبەست یان بێ مەبەست ، هەرەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی ڕووتی سەدان كەس دەكەن، بەجۆرێک لە 2 مانگی رابردوودا تۆری "كۆمەلایەتی سناپ چات كەوتوەتە ژێر هەرەشەی ئەو باندە كوردیانە و دەیان ڤیدیۆی رووت و سێكسی كچی كوردیان بلاوكردوەتەوە. ئەوەی گرنگە تاوەكو ئێستا هۆشیاری پێویستی بەكارهێنانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان نیە ، لە ناردنی وێنە و ڤیدیۆی رووت لە نێوان 2 خۆشەویست ، یان 2 هاوڕێ ، یان 2 هاوسەر.. هتد وای كردوە كە دوای بڵاوبونەوەی ئەو ڤیدیۆیانە بە لێدان و جیابونەوە (تەلاق) و تەنانەت هەندێك كەیس بە كوشتن كۆتایی هاتووە".

لەبارەی رێگاکانی چارەسەری ئەو بابەتەش ئەندام عومەر دەڵێت، دوو بنەمای سەرەكی هەیە بۆ ئەو ئەو جۆرە لادان و هەڵەكردنانە، یەكەمیان نەبوونی هۆشیاری تەكنەلۆژی (كە نازانم كێ بەو كارە هەڵبسێت و خەڵك ئاگادار بكاتەوە لەو جۆرە مەترسیانە )، دووەمینیان ئەو بێ كەسیەی لە سۆشیال میدیا و راگەیاندنی كوردی هەیە كە وایان لە خەڵك كردوە هەموو شتێكیان لا ئاسایی بێت، "پر بینەرترین و زۆرترین خوێنەری بابەتەكان یان باسی سێكسە ، یان ڤیدیۆی نیمچە ڕووت وسێكسیە، ئەوەی جێگای هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەوەیە كە لە هەركەسێك بپرسیت و ئامۆژگاری بكەیت كە ئاگاداری خۆی و ماڵ و منداڵ و خۆشەویستانی بێت ، ئەوا بێ یەك و دوو دەڵێت ئاگرە سوورە لە من دوورە ،بەڵام بێ ئاگا لەوەی ڕۆژێك دێت ئەو ئاگرەی سۆشیال میدیا هەمومان بەرەو هەڵدێر دەبێت و دوور یان نزیك كاریگەری نەرێنی لەسەرمان بەجێدەهێڵێت".


AM:11:30:28/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 15344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت