سەنتەرێکی تایبەت بۆ پشکنینی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان دەکرێتەوە

‌زیاتر لە 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت داواکارییان بۆ وەرگرتنی موچەی هاوکاری پێشکەشکردوە

وێستگەنیوز-

بەمەبەستی تۆمارکردن و پشکنینی پزیشکی بۆ ئەو کەسانەی  خاوەن  پێداویستیە تایبەتن و تائێستا موچەی هاوکاریان نیە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیداوە لەسەر کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت و لەو رێگەیەوە ئەو کەسانەی داواکاری پێشکەش دەکەن، رێژەی کەمئەندامیان دیاریدەکرێت و موچەیان بۆ خەرج دەکرێت.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەوێستگەنیوزی رایگەیاند، لەماوەی 8 ساڵی رابردودا بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش هەرێمی کوردستان بەقۆناغێکی سەختدا تێپەڕیووە و لەو ماوەیەدا هیچ لیستی نوێی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئامادە نەکراوە، لەئێستاشدا ژمارەی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەشکردوە بە زیاتر لە 30 هەزار کەس هەژمار دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی بوونی ناوەندێک کەبەردەوام بتوانێت پشکنین بۆ کەسانی نوێی خاوەن  پێداویستیە تایبەت بکات بەمەبەستی بڕینەوەی هاوکاری بۆیان، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی بە کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بەو بوارە.

 پەیوەست بەو کەسانەی لەئیستادا پشکنینیان بۆ دەکرێت و بەشێکیان ئەو کەسانەن کە موچەکانیان راگیراوە بەهۆی ئەوەی نەچون بۆ لیژنەی پشکنین، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەی خستەڕو، ئەو کەسانەش لەچوارچێوەی لیستی نوێی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تۆماردەکرێن و دوای رەزامەندی حکومەتی هەرێم موچەیان بۆ خەرج دەکرێت.

هـ.هـ


PM:09:29:27/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 3064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو