بیڵ گەیتس داوا لە خەڵک دەکات بیتکۆین نەکڕن


وێستگه‌ نیوز-
بیڵ گەیتس رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر کەمتر لە ئیلۆن مەسک پارەت هەبوو نابێت بیتکۆین بکڕیت وەک هۆشدارییەک بەو وەبەرهێنەرە بچووکانەی کە ئەم رۆژانە مامەڵە بە دراوی بیتکۆینەوە دەکەن.
 
لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بەهای بیتکۆین بەڕێژەی 400٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکارێک کە بەشێک لە خەڵکی ئاسایی و وەبەرهێنەری بچووک و گەورەکان روو لە کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان بکەن.
 
لە ئاستی کۆمپانیاکاندا ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا ئەم مانگە 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بیتکۆینی کڕی و بەو هۆیەشەوە بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای ئەو دراوە دیجیتاڵییە.
 
مامەڵەی دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان
 
بەپێی راپۆرتی بلوومبێرگ مەسک خاوەنی 189 ملیار دۆلارە، دوای کڕینی بیتکۆین بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای بیتکۆین لە ماوەیەکی کەمدا، هەرچەندە دواتر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بەهای بیتکۆین و ئیسیریەم [جۆرێک دراوی دیجیتاڵی] زۆر بەرزە"، ئەو تویتەی مەسک بووە هۆی دابەزینی بەهای بیتکۆین بەرێژەی 13٪.
 
بیڵ گەیتس لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: ئەگەر کەمتر لە ئیلۆن مەسک پارەت هەبوو نابێت بیتکۆین بکڕیت وەک هۆشدارییەک بەو وەبەرهێنەرە بچووکانەی کە ئەم رۆژانە مامەڵە بە دراوی بیتکۆینەوە دەکەن.
 
ئەو بازرگانە ئەمریکییە گرنگییەکی زۆر بە ژینگە دەدات و یەکێک لە هۆکارەکانی کە کڕینی بیتکۆینی پێباش نییە ئەوەیە پرۆسەی دروستکردنی بیتکۆین کارەبا و وزەیەکی زۆری دەوێت و بەرهەمهێنانی کارەبایەکی زیاتریش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.
 
بیتکۆین چۆن دروستدەکرێت؟
 
دروستکردنی دراوێک کە بەرجەستە نەبێت و تەنیا کۆد و زانیاریی ئەلیکترۆنی بێت، پێویستی بەوە هەیە کە سیستەمێکی ئاسایشی بەهێزی هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بیتکۆین ئەوەی کە تاوەکو ئێستا کەس نەتوانیوە سیستەمەکە هاک بکات. زانیارییەکانی بیتکۆین لەسەر کۆمەڵێک بلۆک هەڵدەگیرێن کە پێیان دەگوترێت "بلۆکچەین" واتە زنجیرەیەکی بلۆکی.
 
هەر بلۆکێک کۆمەڵێک زانیاری لەسەر هەڵدەگیرێت کە بریتین لە: 
 
1. هاش: پێکهاتووە لە 64 ژمارە، وەکو پەنجەمۆری بلۆکە، هاشی هیچ بلۆکێکی لە یەکێکی دیکە ناچێت.
 
2. هاشی پێشوو: ئەم بەشە بۆ بەستنەوەی بلۆکەکانە بەیەکدی، واتە هەر بلۆکێک جگە لە هاشەکەی خۆی، هاشی بلۆکەکەی پێش خۆی هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوە هەر کەسێک بیەوێت بلۆکەکە بکات بە هی خۆی دەبێت هەموو زنجیرەکان بگۆڕێت کە ئەوەش کارێکی ئەستەمە.
 
3. ناوی خاوەنی بلۆکەکە و خاوەنەکانی پێشتر.
 
لە ساڵانی سەرەتای دروستکردنی بیتکۆین بەشداربووان دەیانتوانی لەڕێگەی کۆمپیوتەرێکی سادەوە بلۆک دروستبکەن، بەڵام ئێستا ژمارەی هاشەکان هێندە ئاڵۆز بوون کە دەبێت بە ئامێرێکی تایبەت پرۆسەی ماینینگ بکرێت. 
 
بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و یەکێک لە دەوڵەمەندترین مرۆڤەکانی جیهان


PM:07:07:27/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 7568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت