بەرپرسی بەشی بازگەکانی شاری هەولێر: سەرجەم بازگەکانی هەولێر بەڕووی پاسە گەشتییارییەکانی عێراق دادەخرێن


وێستگه‌ نیوز-

بەرپرسی بەشی بازگەکانی شاری هەولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، لە پێناو رێگریکردنی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کاتژمێر 08:00ـی ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سەرجەم بازگەکانی هەولێر بەڕووی پاسە گەشتییارییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دادەخرێن.

موقەدەم سەلام ئیبراهیم، بەرپرسی بازگەکانی هەولێر راگەیاند "لە پێناو رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، لە کاتژمێر 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (هەینی، 26ـی شوباتى 2021 سەرجەم بازگەکانی هەولێر بەڕووی پاسە گەشتییارییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دادەخرێن".

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا "کە بەشێکی زۆریان کۆرۆنای گۆڕاون" لە عێراق لەبەرزبوونەوەدایە، بەجۆرێک دوێنێ چوار هەزار و 74 کەس تووشبوونیان بەکۆرۆنا راگەیەنرا، هەروەها 27ـی دیکەش بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستدا.

بەگشتی 26 بازگە لە دەوروبه‌رى سنورى پارێزگاى هەولێر هەیه‌، موقەدەم سەلامیش داوا دەکات "تکاتان لێدەکەین، نە خۆتان و نە ئێمەش ئەزیەت مەدەن، چونکە رێگە بە هاتنەناوەوەی پاسی گەشتیاری نادرێت".

بەهۆی ئەوەی رەوشی کەشوهەوا گونجاوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی گەشتیاران کە لە بازگەکانەوە هاتوونەتە هەولێر زۆر بووە، تەنیا لە بازگەی شێراوە بە گوتەی موقەدەم سەلام دوێنێ "10 هەزار گەشتیار هاتوونەتە نێو شاری هەولێر".



PM:06:12:26/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 16404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو