عەلی باپیر: بەلێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی، نێوانێكمان لەنێوان خۆمان و كۆمەڵگە لابردووە



وێستگە نیوز-

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حیزبەكەی، نێوانێكیان لەنێوان خۆیان و كۆمەڵگە لابردووە و دەڵێت، یەكێك لە حیكمەتەكانی تر بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ دەرەوەی خۆیان.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی میدیای حیزیەكەی رایگەیاند "گۆڕینی ناوی حزبەكە مانای گۆڕینی ناوەڕۆك نییە و ئەوەمان نەهێشتووە خۆمان لە موسوڵمانان جیا بكەینەوە، حیكمەتێكی تری بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان،  بۆیە كردوومانە بە دادگەری، چونكە ئیسلام بۆ چەسپاندنی دادگەریی هاتووە".

عەلی باپیر ئاماژەی بەوەكردوە "پێش ئەوەی خۆمان بیر لە گۆڕینی ناوی ئەمیر و كۆمەڵ بكەینەوە، بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نابێت ناوی كەسی یەكەمی حزب (ئەمیر) بێت و ئاڵاكەمان كە شایەتومانی تێدا نووسراوە، داوایان كردووە كە تێیدا نەبێت بۆ ئەوەی وەك موزایەدەی ئیسلامی سەیر نەكرێت، لە سەردەمی خەلیفەكانی راشدینیشدا ناو گۆڕین هەبووە و (جێنشینی پێغەمبەر) گۆڕدراوە بۆ (أمیر المۆمنین) و دواتریش لەسەردەمی عوسمانیەكاندا بووە بە سوڵتان".

عەلی باپیر وتویەتی "ئەمە واتای ئەوە نییە لە داهاتوودا كەسێك دەبینین كە موسڵمان و ئیماندار نەبێت و لە ریزەكانی سەركردایەتیدا بێت، بەڵام مەمنوونی هەر كەسێكی تر دەبین كە پشتیوان و هاوكارمان بێت".

رۆژانی 18 و 19ی ئەم مانگەن كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان چوارەمین كۆنگرەی خۆی سازكرد و ئەندامانی كۆنگرە بە زۆرینە، دەنگیاندا بە گۆڕینی‌ ناوی حزبەكە لە (كۆمەڵی ئیسلامیی) بۆ (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان).

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لە ٣١ی حوزەیرانی ٢٠٠١ دامەزراوە و لە خولی دووەمی پەرلەمانەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی كردووە، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە ١٠٩ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەو رێژە دەنگەش كۆمەڵ بووە خاوەنی حەوت كورسی.




PM:11:44:24/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت