دایکی وەکو سزادان کچەکەیی نارد بۆ زۆرانبازی


وێستگه‌ نیوز-
دیڤیا کاکران، کچێکی هیندییە، وەکو سزایەک بۆ جێهێشتنی قوتابخانە دایکی دەینێرێت بۆ زۆرانبازی، بەڵام دواتر ناگەڕێتەوە بۆ خوێندن، خۆیشی دەڵێت "هەرگیز حەزم لە خوێندن نەبووە و کاتێک دەچوومە قوتابخانە دەگریام".

دیڤیا ئێستا تەمەنی 20 ساڵە، باس لەوەدەکات، دایکی وەکو سزایەک ناردوویەتی بۆ زۆرانبازی و پێیوابووە کچەکەی رقی لە زۆرانبازییە و دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام "من زیاتر حەزم لە زۆرانبازی بوو وەک لە قوتابخانە و خوێندن".

وەکو خۆی باسی دەکات، پاش ماوەیەکی کەم لە راهێنان، دەستی بە زۆرانبازی کردووە، دەشڵێت "کاتێک زۆرانبازیم لەگەڵ کچان دەکرد، خەڵک بەجۆش و خرۆش نەبوون و منیش پارەیەکی زۆر کەمم دەستدەکەوت، کەمتر لە چوار دۆلار".

ئەو لە زۆرانبازیدا رووبەڕووی کوڕان بووەتەوە و ئاماژە بەوەدەکات "کاتێک کوڕانم دەبەزاند، پارەیەکی باشم دەستدەکەوت، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا کوڕێکم بەزاند، پارەیەکی وام دەستکەوت کە لە هەموو ژیانم نەمبینیبوو [41 دۆلارم دەستکەوت]".

دیڤیا هەر بە منداڵی نێوبانگی دەرکردبوو بەوەی لە زۆرانبازیدا کوڕان دەبەزێنێت، لەبارەی نەبوونیی خێزانەکەشیەوە دەڵێت "سەردەمێک هەبوو کە ئێمە هیچ پارەمان نەبوو بۆ کڕینی شیر و پەنیر بۆ سیستەمی خۆراکیی من. دایکم پێستی شێری دەدووری کە زۆرانبازەکان دەیانپۆشی و باوکم لەنزیک ئەو مەیدانەی من یاریم تێدا دەکرد دەیفرۆشتنەوە. بەو شێوەیەش هەندێک پارەمان دەستدەکەوت".

براکەی دیڤیاش حەزی لە زۆرانبازی بووە، بەڵام باوکی دەبوو لەنێوان ئەواندا یەکێکیان هەڵبژێرێت، هەربۆیە براکەی دیڤیا بۆ پاڵپشتیکردنی خوشکەکەی خۆی دەکاتە قوربانی، دیڤیا دەڵێت "باوکم گوتی دەبێت من ئەو کارە بکەم، چونکە ئەو وزە و توانایە لە مندا دەبینێت. هەربۆیە براکەم کارەکەی خۆی کردە قوربانی بۆ پاڵپشتیی من".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

دیڤیا تەنیا لەگەڵ رکابەرەکانی زۆرانبازیی نەدەکرد، بەڵکو شەڕی ئەوانەشی دەکرد کە پێیانوابوو زۆرانبازی بۆ ئەو جێگەی شەرمە، لەبارەی ئەو کەسانەوە دەڵێت "ئەوان بە باوکمیان دەگوت، ئەگەر پێویستت بە پارەیە، دەتوانین هاوکاریت بکەین، بۆچی کچەکەت دەکەیت بە زۆرانباز؟" بە پێکەنینیشەوە باس لەوە دەکات "بەڵام هەمان ئەو کەسانە ئێستا بە باوکم دەڵێن شانازی بە منەوە دەکەن و وەکو کچی خۆیان سەیرم دەکەن".

لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆدا کە بۆ رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیێندرا، دیڤیا خەریکی راهێنان و وەرزشی لەشجوانی بووە، راهێنەرەکەی لە جۆرجیای ئەمریکاوە بەشێوەی ئۆنلاین رێنمایی پێداوە.

دیڤیا دەڵێت، دەیەوێت ناوێک و مێژوویەک بۆ خۆی تۆماربکات لەڕێگەی بەدەستهێنان و بردنەوەی مەدالیاکانی ئۆڵۆمپیاد.


AM:11:46:24/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 6852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو