وەزارەتی پلاندانان لەبارەی بودجەی پڕۆژەکانه‌وه‌ رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە


وێستگه‌ نیوز- 
وەزارەتی پلاندانی هەرێم رایگەیاند، لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێژەی دابەشبونی بودجەی پرۆژەكان بەسەر پارێزگاكان بە شێوازی(57% بە 43%)بووه‌، بە شێوەیەك 34% بۆ هەولێر، 23% بۆ دهۆك، 43% بۆ سلێمانی و لەم كابینەیە پشكی هەڵەبجە لە 2% كرایە 3%، جەختیش دەکاتەوە "بەشێوەیەكی سیستەماتیكی كاریان كردووە و بەهیچ شێوەیەك ناحەقیان لەدابەشكردنی پرۆژەكان نەكردووە و ناشكرێت".

جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام


ئه‌مڕۆ سێشممه‌ 23ی‌ شوباتی‌ 2021، وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک رێژەی جیاواز لەبارەی شێوازی دابەشبونی بودجە و پرۆژەی پارێزگاكانی كوردستان بڵاوکراونەتەوە کە هیچ بنەمایەکیان نیە، وەزارەتی پلاندانان بۆ دابەشكردنی بودجەی پرۆژەكان بە شێوازی 57% بە 43% کاریکردووە، بە شێوەیەك كە 34% بۆ هەولێر، 23% بۆ دهۆك، %43 بۆ سلێمانی ولەم كابینەیە پشكی هەڵەبجە لە 2% كرایە 3%، هەروەها "لەكارنامەی وەزارەتمان لەم كابینەیە هەمان ڕێژە پەیڕەو كراوە لە ئێستاشدا كە سەرقاڵی ئامادەكاریی بودجەی 2021ـی هەرێمین هەمان بنەما پەیڕەو دەكەین".

ئەوەش هاتووە، ئەمڕۆش لە كۆبونەوەی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بە ئامادەبونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان ڕەزامەندیی درا لەسەر تەرخانكردنی بڕی 349 نۆ ملیار و 702 ملیۆن دینار بۆ پرۆژە لە هەر چوار پارێزگای هەرێم و بەپێی هەمان ڕێژەی ئاماژەپێدراو ئەم بڕە تەرخانكراوە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت.
 
وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەشکردوە، لە سەرەتای دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم وەتاكوو ئێستا بڕی 366 ملیار و 749ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكان خەرج كراوە و لەو بڕەش 50% ـی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بووە. 

پەیوەست بە پارەی تەرخانکراویش بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وەزارەتی پلاندانان ئاشكرایكردووه‌، لەكابینەی نۆیەم  بۆ سلێمانی پارە بۆ 112 پرۆژە خەرجكراوە كە دەكاتە 173 ملیار دینار و بەهەمان شێوە نزیكەی 10ملیار دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرجكراوە، "لێرەشەوە ڕای دەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەشێوەیەكی سیستەماتیكی كاری كردووە و بەهیچ شێوەیەك ناحەقی لەدابەشكردنی پرۆژەكان نەكردووە و ناشكرێت".





PM:09:46:23/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت