فەرید ئەسەسەرد: دەزانین پارتی جۆرێك لەهەستیاری هەیە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی

‌فەرید ئەسەسەرد


وێستگە نیوز- پشتیوان  جەمال

فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەزانن پارتی جۆرێك لەهەستیاری هەیە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی حیزبەكەیان بۆیە ئەوانیش لەكۆبوونەوەكاندا مەسەلە گشتییەكانیان لا گرنگترە وەك لەكەسەكان، هەروەها دەڵێت، لەحاڵەتی جێبەجێ نەكردنی لامەركەزی لەلایەن حكومەتی هەرێم، بژاردەی دیكەیان لەبەردەستە.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە


فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی وێستگە تیڤی سەبارەت بە پرسی لامەركەزی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دوا.

وێستگە تیڤی: لەماوەی رابردوودا پڕۆژەتان بۆ پرسی لامەركەزی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەو پڕۆژەیە گەیشتۆتە كوێ؟
فەرید ئەسەسەرد: ئەو پڕۆژەیەی ئێمە بۆ هەرێمی كوردستانە، بنەمای مەسەلەكە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە و ئەو كاتە گفتوگۆی دووردرێژمان لەگەڵ نوێنەرانی پارتی كرد، گەیشتین بەڕێككەوتن و یەكێك لەخاڵەكان لامەركەزی بوو، لەبەرنامەی حكومەتیش كە سەرۆك وەزیرانی هەرێم خوێندییەوە جەخت لەلامەركەزی دەكاتەوە، ئێمە چاوەڕێ بووین لەم ماوەیەدا هەنگاوی بۆ بنرێت، بەڵام كە هەنگاوی بۆ نەنرا ئێمە پڕۆژەی خۆمان ئامادەكرد و دیدی خۆمان دیاریكردووە، ئەوەی لێی تێگەیشتیووین بەشێوەی یاسایی و سیاسی دامانڕشیوە و داومانەتە حكومەتی هەرێم.

وێستگە تیڤی: ئەگەر لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ پرسی لامەركەزی نەگەیشتنە رێككەوتن، قسەیەك هەیە لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكەن بۆ لامەركەزی، ئەوە تا چەند راستە؟
فەرید ئەسەسەرد: كاتێك چەند كێشەیەك هەبێت حكومەت هەوڵ دەدات لانیكەم بەشێك لەكێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام ئەوەندەی ئێمە دەیبینین بەپێچەوانەوە لەهەرێم كێشەیەك سەرهەڵ دەدات حكومەت هەوڵی چارەسەر نەكردنی نەداوە و كێشەیەكی دیكە دروست دەبێت، ئەو كاتەی باسی لامەركەزیەتمان نەكردبوو باسی كێشەی بەغدا نەبوو، پاشان لامەركەزی زیاتر مافی هاوڵاتیانە و سیاسی نییە، واتە شێوەی دابەشكردنی كارەكان و كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند.

وێستگە تیڤی: مەبەستمان ئەوەیە ئەگەر حكومەتی هەرێم لامەركەزی جێبەجێ نەكرد، پەنا بۆ بەغدا دەبەن؟
فەرید ئەسەسەرد: مەسەلە پەنابردن بۆ بەغدا نییە، بەڵكو بەدوای بژاردەیەك دەگەڕێین تا بتوانین تێڕوانینەكانی خۆمانی تیا جێبەجێ بكەین، جارێ هەوڵ دەدەین لەچوارچێوەی هەرێم جێبەجێی بكەین، بەڵام ئەگەر جێبەجێ نەكرێت چەند بژاردەیەكمان لەبەردەمدایە، بەڵام بژادەی سەرەكی جێبەجێكردنی لامەركەزییە، پڕۆژەكەش دەتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

وێستگە تیڤی: پێدەچێت لەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق لەپەرلەمان پەسەند بكرێت، ئەوەندەی ئاگادار بن، رێككەوتنی هەولێر و بەغدا گەیشتۆتە كوێ؟
فەرید ئەسەسەرد: رەنگە ئەمجارە یەكلاییكەرەوە بێت، چونكە بودجە بۆ عێراق زۆر گرنگە و دەبێت یەكلایی بكاتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە رێكنەكەون، رەنگە دەرفەتی رێككەوتن لەئایندەش زەحمەت بێت، بەو هۆیەشەوە گرژی نێوان هەرێم و بەغداش زۆرتر دەكات، بەڵام هەر رێككەوتنێك بكرێت پێموایە هەرێم زۆرتر قازانج دەكات.

وێستگە تیڤی: دوێنێ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی  لەشاری هەولێر لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان كۆبووەوە و تەنها رایگەیاند كە "پەیام"ەكەی پێگەیاندوون، مەبەست لەو پەیامە چی بووە؟
فەرید ئەسەسەرد: پێموایە هەر پەیوەندی بەدۆخی هەرێم و بەغدا و پەیوەندییە ناوخۆییەكانەوە هەیە.

وێستگە تیڤی: دەوترێت بافڵ تاڵەبانی پەیامەكەی ئەوە بوو كە یەكێتی بەتایبەتی گلەیی لەمەسرور بارزانی هەیە، نەك پارتی؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە گلەییەكانمان هەموی بە پارتی گەیشتوون و باش لێی تێگەیشتووە، ئێمە لەحكومەت شەریكین، ئێمە دەزانین ئەوان چۆن بیر دەكەنەوە و ئەوانیش دەزانن ئێمە چۆن بیر دەكەینەوە، پڕۆژەكەشمان بەشێوەی رەسمی لای پارتییە و شتێكی شاراوە نییە.

وێستگە تیڤی: ماوەیەك لەمەوبەر بڕیاربوو كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و هاوسەرۆكانی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بكرێت، ئایا پارتی ئامادەیە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی كۆببێتەوە؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە وەك دوو حیزب مامەڵە دەكەین، كاتێك شاند دیاری دەكەین ناوەكانمان دەنێرین، بۆیە تائێستا هیچ كێشەیەك لەو بارەیەوە نەهاتۆتە ئاراوە.

وێستگە تیڤی: واتە پارتی بەلایەوە ئاساییە كۆبوونەوە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بكات؟
فەرید ئەسەسەرد: ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو گرتووە كە رەنگە پارتی جۆرێك لەهەستیاریان هەبێت بۆ دانیشتن لەگەڵ كاك لاهور، بەڵام بەڕەسمی رایاننەگەیاندووە، بۆیە كاتێكیش دانیشتن لەگەڵ پارتی دەكەین مەسەلە گشتییەكەمان لا گرنگە نەك مەسەلەی كەسەكان.


PM:05:47:23/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 40036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت