کاری شۆفێری بۆ نزیکەی 78 هەزار تەکسی رێکدەخرێتەوە

‌وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن دەیەوێت کاری تەکسی بەپیشەیی بکات

وێستگەنیوز-

هەرچەندە بڕیاربوو سەرەتای ئەمساڵ پرۆسەی رێکخستنەوەی تاکسی (لەناوشار و هێڵەکانی دەرەوەی شار) و بەپیشەییکردنی کاری تاکسی لەهەرێمی کوردستان بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی تەندروستییەوە پرۆسەکە بۆ سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت، ئامانج لەو هەنگاوە بەپیشەییکردنی کاری تەکسی و ریگریکردنە لە"خروقات و کاری نەخوازراو بەرامبەر هاوڵاتیان".

سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بەوێستگەنیوزی راگەیاند، هەرچەندە دەبووایە سەرەتای ئەمساڵ پرۆسەی رێکخستنەوەی تەکسی بۆ 77 هەزار و 800 ئۆتۆمبێلی تەکسی لەکوردستان تەواوبکرابووایە، بەڵام بەهۆی رەوشی تەندروستی لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن و داخستنی فەرمانگەکان، پرۆسەکە تاوەکو مانگی 8 ئەمساڵ درێژکراوەتەوە، بەگوێرەی رێکارەکانیش شریت، لۆگۆ و كارتی زانیاری لە ئۆتۆمبێلەکان  دەدرێت و مۆڵەتی شۆفێری تایبەتیش بۆ ئەو کەسانە دروست دەکرێت لە کاری شۆفێری تەکسی دەکەن.

لەتێلیگرام وێستگە نیوز جۆین بكە

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەکە کاری تەکسی ناوشارەکان، تەکسی دەرەوەی شار و ئەو تەکسیانەی خاوەنی مۆڵەتی هێڵەکانن بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لەیەکتری جیادەکرێنەوە و ئەرک و شێوازی کارکردنیان دیاریدەکرێت، یەکێک لەسودەکانی ئەو پرۆسەیەش ئەوەیە هاوکاردەبێت لەبەپیشەییکردنی کاری تەکسی و رێگریش دەبێت لە رودانی "خروقات و کاری نەخوازراو بەرامبەر هاوڵاتیان"، بەو پێیەی ئەو کەسانەی دەبنە خاوەن کاری تەکسی سەرجەم زانیاری و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان پێشکەشی حکومەت کردوە.

بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ئەوەشی خستەڕو، تائێستا لەهەولێر 5 هەزار، سلێمانی  هەزار و 700 و لەدهۆکیش هەزار شۆفێری تەکسی مامەڵەی شریت، لۆگۆ و كارتی زانیاریان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان ئەنجامداوە و ئومێدەوارن تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب سەرجەم شۆفێرانی تەکسی پابەندی جێبەجێکردنی پڕۆکەسە بن.

سەرەتای ئەم مانگەش وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی پرۆسەی  لێدانی شریت، لۆگۆ و كارتی زانیاری بەهۆی رەوشی تەندروستی و پەتای کۆرۆنا راگیرابوو، بڕیاردراوە بەدەستپێکردنەوەی پرۆسەکە و تاوەکو مانگی ئابی ئەمساڵ مۆڵەت دەدرێت بەشۆفێرانی تاکسی سەردانی بەرێوەبەرایەتیەكان لە پارێزگاكان بكەن و رێككارەكان ئەنجام بدەن.

هـ.هـ


AM:11:24:23/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 6512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو