نەتەوە یەکگرتووەکان: گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات


وێستگه‌ نیوز-
گۆڕانی کەشوهەوا بە پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی زەوییەوە، بەپێى راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەی سەرەکییە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی.
 
ئەم بابەتە دەبێتە پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 23ى شوباتى 2021، ئەنجوومەنی ئاسایش کە لە لایەن بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
 
بەریتانیا لە نۆڤێمبەری ئەمساڵیشدا لە گلاسکۆ میوانداریی لووتکەی کەشوهەوا دەکات. 
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: "هۆشدارییەکان لەبارەی پەتای کۆرۆنا کێشەی گۆڕانی کەشوهەواوە روون بوون. بۆیە لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوادا کە لە گلاسکۆ لە نۆڤێمبەردا بەڕێوەی دەبەین، دەمانەوێت کار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی گەورە و پلانەکانمان بکەین. زۆر گرنگە کە بایدن ئەمریکای هێنایەوە ناو رێککەوتنی پاریس. ئەمە هەنگاوێکی گرنگی بەرەوپێشچوون بوو." 
 
نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە تێکچوونی گۆی زەوی دەدات. بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵێکدا نۆ ملیۆن کەس بەهۆی زیانەکانی پیسبوونی هەواوە دەمرن و زیاتر لە ملیۆنێک جۆری رووەک و گیانەوەر لە جیهاندا هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.
 
هەر بە پێى راپۆرتەکە ساڵانە 400 ملیۆن تۆن پاشماوە فڕێدەدرێتە دەریاکانەوە. تێکچوونی خاک کاریگەریی لەسەر سێ ملیار کەس هەبووە و تەنیا 15%ی خاکی زەوی بۆ کشتوکاڵ بە گونجاوی ماوەتەوە.
 
ئەو زانیارییانە وایانکرد، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێت، ئەمساڵ یەکلاکەرەوەیە و دەبێت کار بۆ راگرتنی هەمەچەشنیی سرووشت بکەین. 
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "2021 ساڵی بونیاتنان یان تێكشاندنە؟ هێشتا درەنگ نەبووە، پێویستە دڵنیا بین پێکەوە جگە لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، دەیشتوانین گەرمیی زەوی سنووردار بکەین. ئەمساڵ لەپێناو رزگارکردنی هەمەچەشنیی سرووشتدا کاتی ئەوەیە چوارچێوەیەکی نوێی هاوبەش دروست بکەین. دەبێت لە ئەمساڵدا پێوەری گرنگ بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە پەیڕەو بکەین." 
 
دوای گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی پاریس و پابەندبوون بە رووبەڕووبونەوەی پیسبوونی هەوا، ئەمریکایش دەیەوێت ببێتە بەشێکی گرنگی پاراستنی زەوی.
 
جۆن کێری، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرسی کەشوهەوا دەڵێت: "سێ ساڵ لەمەوبەر زاناکان ئاگاداریان کردینەوە کە ئەگەر بمانەوێت رێگە لە ئەنجامی خراپتر بگرین، پێویستە سنوور بۆ گەرمبوونی زەوی دابنێین. هەر ئەو زانایانە گوتیان نزیکەی 12 ساڵی دیکە کاتمان بە دەستەوەیە. تا ئەمڕۆ سێ ساڵمان لەدەستداوە،  تا ساڵی 2030 پێویستە بگەینە ئامانجی گەیشتن بە رێگەی دروست لەپێناو وەستاندنی مەترسییەکانی گەرمبوونی زەوی."

 جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا گۆڕانی کەشوهەوا وەک هەڕەشەیەک لەسەر زەوی و ئاسایشی جیهان تاوتوێ دەکرێت. لەپاڵ ئەوەیشدا گفتوگۆ لەسەر کاریگەریی شەڕ و ململانێکان لەسەر ژینگە و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاسایش و  بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لە جیهاندا دەکرێت. چونکە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر وشکەساڵی، کەمبوونەوەی بەرووبوومی سرووشتی و دابەزینی ئاستی ئاسایشی خۆراک هەیە.


AM:08:47:23/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت