فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کادیرێکی باڵای گۆڕان دەرچوو


وێستگەنیوز-

سەرچاوەیەکی بەرپرس لەبزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر پەیوەست بەبۆچونەکانی لەبارەی سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ  ئەیهان سەعید ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی گۆڕان و ژمارەیەک چالاکوانی دیکەی دەرکردوە.

ئەو سەرچاوەیە ناوەڕۆکی زانیارییەکەی بۆ وێستگەنیوز پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "بەهۆکاری بەرگریگردنی لەمافی دەستگیرکراوەکانی بادینان، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەیهان سەعید ئەندامی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی گۆڕان و یەکێک لەچالاکوانە ناسراوەکانی پارێزگای دهۆک دەرکردوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "جگە لەو کادرەی بزوتنەوەی گۆڕان، لەفەرمانەکەدا ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنوسی دیکەی نزیک لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ناویان هاتووە کەپشتیوانیانکردوە لەو چالاکوانانەی بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە".

رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای تاوانه‌كانی دووی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی سنوری بادینان بەتۆمەتی (کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری و پێدانی زانیاری بە لایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان)، بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بووە کەتایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێم و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوە و داوا دەکەن دادگای پێداچونەوەی هەرێم بەبڕیارەکەدا بچێتەوە و سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.

هـ.هـ


PM:08:49:22/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 20396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت