تەندروستی عێراق: رەنگە قەدەغەی هاتووچۆ درێژتر بكرێتەوە


وێستگه‌ نیوز-
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر دوای تەواوبوونی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە كە ماوەكەی دوو هەفتەیە ژمارەی تووشبووان زیاد بکات،  رەنگە قەدەغەی هاتوچۆی گشتی بسەپێنرێت.
 
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتی: "دوای تەواوبوونی ماوەی قەدەغەی هاتووچۆی شەوانە كە دوو هەفتەیە، وەزارەتی تەندروستی بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت و راسپاردەكانیشی پێشكەشی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی نیشتمانی دەكات."
 
لەبارەی كۆرۆنای نوێوە بەدر وتی: "كۆرۆنای نوێ خێراتر بڵاودەبێتەوە و نیشانەكانیشی تووندترن. زیاتریش تووشی منداڵان و گەنجان دەبێت."

 جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگەنیوز لەتیلیگرام

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، کە ڤاکسینی كۆرۆنا لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەگاتە عێراق و بۆ هەردوو جۆری كۆرۆنایش بە كار دەهێنرێت.
 
لە چوارچێوەی رێكارەكانی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی لە رۆژانی هەینی، شەممە و یەكشەمەدا قەدەخەی هاتوچۆی گشتی و لە رۆژەکانی دیکەیشدا قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەی لەسەرتاسەری عێراق سەپاند.
 
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ئاداری ساڵی 2020 تاوەكو ئێستا، 661 هەزارو 477 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 614 هەزار و 529 تووشبوو چاكبوونەتەوە، 13 هەزار و 232 تووشبوویش مردوون.
 


PM:09:10:20/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت