شیروان میرزا: به‌بێ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم بودجه‌ی 2021 ده‌نگی له‌سه‌ر نادرێت

‌کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان لە بەغدا

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
بڕیاردراوە بەبێ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجە نه‌خرێتە دەنگدانەوە و لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و کازمیشدا جەخت لەو خاڵە کراوەتەوە، شیروان میرزاش دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا دەردەکەوێت و شانده‌كه‌ كۆمه‌ڵێك دیداری باشیان ئه‌نجامداوه‌.


شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "هەرێم ئامادەیە و دەتوانێت تەنیا 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەکەی رادەستبکات و تا ئێستا کورد پێداگرە لەسەر ئەوەی یاسای بودجە وەک خۆی پەسەندبکرێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لێکنزیکبوونەوەی باش هەیە لەگەڵ بەغدا و شیعە بەرامبەر هەرێم نەرمی نواندووە، بۆیه‌ ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانین له‌م یه‌ك دوو رۆژه‌ی داهاتوودا شیعه‌كان پێشنیازێكی نوێ بهێنن و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ین".

به‌ وته‌ی شیروان میرزا، شانده‌كه‌ی هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، كۆمه‌ڵێك دیداری باشیان ئه‌نجامداوه‌، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی ئه‌و دیدارانه‌ دەردەکەوێت و پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی بودجەی 2021 چاوەڕوانی رێککەوتنی سیاسییە.



ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، "پێدەچێت دووشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا لایه‌نه‌ شیعییه‌كان به‌بێ كورد ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ده‌ده‌ن؟ شیروان میرزا وتی: "ئه‌وه‌ قورسه‌ به‌بێ كورد ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ بدرێت، رایه‌كیش هه‌یه‌ كه‌ بێ چاره‌سه‌ركردنی پشكی كورد ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ش لایه‌نه‌ شیعه‌كان نه‌رمیان نواندووه‌.

دوێنێ، شاندی هەرێم لەگەڵ هەریەک لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوە و جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور، کە دەبێت دادوەری بۆ هەموان بێت و لەسەر پەیڕەوكردنی بنەمای دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بەسەر هاوڵاتییانی عیراقدا بەبێ جیاوازی.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا، شاندی هەرێم چەندینجار سەردانی بەغدایان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبیدا كۆبوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەدا یەكلابكرێتەوە.


AM:10:04:19/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 1148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت