کەشتییەکی ناسا لەسەر مەریخ نیشتەوە
وێستگه نیوز ـ
کەشتییەکی ئاسمانیی ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا ناسراو بە ناسا، لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە و یەکەمین وێنەی مەریخی بۆ ئاژانسەکە ناردەوە.
لە دوای حهوت مانگ بەرێکەوتن و بڕینی نزیکەی 470 ملیۆن کیلۆمەتر، کەشتی ئاسمانیی پێرسەڤیرینس لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە و یەکەمین وێنەی سەر هەسارەکەی بۆ ئاژانسەکە ناردەوە.
کەشتی ئاسمانیی پێرسەڤیرینس واتە "پێداگری و بەردەوامبوون"، بە پێشکەوتووترین تاقیگەی گەڕۆک لەبواری زیندەوەرزانیی گەردوونناسی دادەنرێت.
خەرجی گەشتە ئاسمانییەکە دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە، بڕیارە کەشتییەکە بەدوای جۆرە بەکتریایەکدا بگەڕێت، کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی سێ ملیار ساڵ لەمەوبەر لەسەر هەسارەی مەریخ ژیابێت، ئەو کاتەی کە هەسارەکە گەرمتر و شێدارتر بووە و بەوتەی زانایان ئەگەری بوونی ژیانی تیادا بووە.
کەشتییەکە بەگوێرەی ئەو پلانەی کە بۆی دانرابوو لە ناوچەی ناسراو بە جێزیرۆ نیشتووەتەوە، کە حەوزێكی گەورەیە و زانایان پێشبینی دەکەن دەریاچەیەک بووبێت و ملیاران ساڵ لەمەوبەر وشکبووبێت.
کەشتیی پێرسەڤیرینس چوارەمین کەشتیی ناسایە، کە لەسەر هەسارەی مەریخ دەنیشێتەوە، بەڵام لە سێ کەشتییەکەی دیکە پێشکەوتووترە و بڕیارە نموونەی تاشەبەردی سەر مەریخ وەربگرێت، کە یەکەمین نموونەی تاشەبەردن مرۆڤ تا ئێستا لە مەریخی وەرگرتبێت.
AM:08:45:19/02/2021
ئهم بابهته 3524
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت