فەیسبووک پەیجەکانی لە ئوسترالیا دادەخات


وێستگه‌ نیوز-
کۆمپانیاى فەیسبووک هەندێ تایبەتمەندی تۆڕەکۆمەڵاتییەکەی لە ئوسترالیا دادەخات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو پرۆژە یاسایەی کە براوەتە پەرلەمانی وڵاتەکە، لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە، "دەبێت کۆمپانیا زلهێزەکان پارەی ئەو هەواڵانە بدەن کە پەیجەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاویدەکەنەوە".
 
ئەمڕۆ کاتێک ئوسترالییەکان لە خەو هەستان، بینیان سەرجەم ئەو پەیجانەی هەواڵی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بڵاودەکەنەوە، بلۆک کراون. فەیسبووک تایبەتمەندی پێشاندان و شەیرکردنی هەواڵی لەسەر تۆڕەکە لابردووە، ئەوە هەرایەکی گەورەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان لێکەوتووەتەوە.
 
پەیجە هەواڵییەکان داخران، بەڵام داخستنی پەیجە تەندروستییەکان کارێکی ئاسان نییە، بە تایبەت لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ کۆمپانیای فەیسبووک پەیجە تەندروستی و فریاگوزارییەکانی حکومەتیش داخران، دوایی فەیسبووک داوای لێبووردنی کرد، رایگەیاند کە بە هەڵە ئەو پەیجانەی داخستوون.
 
ئەوانەی لە دەرەوەی ئوسترالیاش دەژین، ناتوانن هیچ بڵاوکراوەیەکی ئوسترالی ببینن، حکومەتی ئوسترالیا رەخنەی تووند لەو بڕیارەی فەیسبووک دەگرێت، رایگەیاند: "ئەمە نیشانەی بێهێزی دەسەڵاتی بازاڕکردنە لەلایەن ئەو زلهێزە کۆمەڵایەتییەی جیهانی دیجیتاڵی."
 
جۆش فریدینبێرگ، وەزیری گەنجینەی ئوسترالیا رایگەیاند: "قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی زانیاری کاریگەریی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەوە دەبێت. مانگانە 17 ملیۆن ئوسترالی سەردانی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان دەکەن."
 
هەریەک لە گووگڵ و فەیسبووک شەڕی پرۆژە یاساکە دەکەن. کامپبێل بڕاون، جێگری سەرۆکی فەیسبووک بۆ رێککەوتنی هەواڵی نێودەوڵەتی لە پۆستێکدا دەڵێت: "ئەوەی پرۆژەیاساکە لە ئوسترالیا دەیناسێنێت، بێئاگاییە لە سرووشتی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان پلاتفۆرمەکەی ئێمە و سەرچاوەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ هەیە."
 
هەروەها بڕاون دەڵێت: "هیواخوازین لە داهاتوودا بتوانین جارێکی دیکە رێگە بە ئوسترالییەکان بدەینەوە هەواڵ ببینن."
 
لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئوسترالیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، فەیسبووک و گووگڵ هۆشدارییان دا کە ئەگەر پرۆژە یاساکە بناسێندرێت، پەیجەکانی هەواڵ لەسەر تۆڕەکانیان دابخەن.
 
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمان بوو بۆ فەیسبووک ئەوەبوو، ئەمڕۆ گووگڵ لە بڕیارەکەی خۆی پاشگەزبووەتەوە، نەک تەنیا بڕیارەکەی خۆی نەبردەسەر، بەڵکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرچاوەکانی هەواڵ لە وڵاتەکە قووڵترکردەوە.
 
گووگڵ و نیوز کۆرپ (NWS) کە لەلایەن روپێرت موردۆخ ، سەرمایەداری ئەمریکی بەبنەچە ئوسترالی بەڕێوەدەبردرێت کە خاوەنی چەندین میدیای ئوسترالی، بەریتانی و هەریەک لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ و نیویۆرک پۆستە، رێککەوتنێکی سێ ساڵەی لەگەڵ کۆرپ ئەنجامداوە،  گووگڵ پارەی بڵاوکردنەوەی سەرچاوەکانی هەواڵ دەداتە کۆمپانیاکە.


PM:05:39:18/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت