لاهور شێخ جەنگی: هەڵوێستی لەسەر سیستەمی لامەركەزی نەگۆڕە


وێستگە نیوز-
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پرسی لامەركەزیی یەكێكە لە خاڵەكانی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەو رووەشەوە هەڵوێستیان نەگۆڕە.

ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ  سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆتەوە و لەفەیسبوكی خۆیشی نووسیویەتی، لەو كۆبوونەوەیەدا باسیان لەوەكردووە كە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانی و عێراقییەكان لەگفتوگۆدان لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتی كورد و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی كە بوونەتە بەربەست لە بەردەم چارەسەری قەیرانەكان.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەكردووە "باسمان لە پرسی لامەركەزیی كرد وەك یەكێك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت و جەختمان كردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی (دارایی و ئیداریی) لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو ئاسانكردنی ڕاپەڕاندنی كاروبارەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بە هاووڵاتییان".

هەروەها دەڵێت "باسمان لە مەلەفی نەوت كرد كە ئەو سامانە بە نرخە لە جیاتی خۆشگوزەرانی، بووەتە نەهامەتی بۆ میللەتەكەمان، ئاماژەمان بۆ پشكی هەرێمی كوردستان كرد لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢١ و پشتیوانیی خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیە دووپاتكردەوە، جەختیشمان كردەوە كە باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم بەندە بە پابەندبونی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی بەڕێككەوتنی نێوانیان و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە".

هاوسەرۆكی یەكێتی وتویەتی "ئێستا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبین و یەكێتییش خاوەن گوتار و هەڵوێستی خۆیەتی و لەهەر كات و ساتێكدا پێویست بكات یەكێتیی بڕیار و هەڵوێستی سیاسی خۆی ڕادەگەیەنێت و پاشەكشە لەو بەڵێنانە ناكات كە بەهاووڵاتییانی داوە".


PM:06:07:28/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو