ئابوریناسێكی عیراق: ده‌ستكاریكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار كاره‌سات به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت


وێستگه‌ نیوزـ

ئابوریناسێكی عیراق هۆشداریيدا لە دووبارە بەرزکردنەوەی نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار، ئابوریناسه‌كه‌ به‌ چوار تێبینی مه‌رترسییه‌كانی باس کردوەو رونیکردوەتەوە كه‌ بۆچی نابێت به‌های دینار دووباره‌ به‌رز بكرێته‌وه‌، یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بەو کارە نه‌ختینه‌ و سه‌قامگیریی دارایی عیراق ده‌شێوێت. 
  
نەبیل مەرسومی، ئابوریناسی عیراق له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك چوار تێبینیی له‌باره‌ی ده‌ستكاریكردنی به‌های دۆلار نوسیوه‌و له‌ تێبینیی یه‌كه‌مدا ده‌ڵێت" حکومەت کاتێک بڕیاریداوە نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار کەمبکاتەوە پرس و ڕاوێژی بە پەرلەمان کردووە، ئەو کاتەی کە  وەرقەی سپی چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، ئەو پرسە یەکێک بوو لەو 33 خاڵەی کە لە وەرقەکەدا هاتووە".  
  
 تێبینیی دووه‌می مه‌رسومی رونیكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ دووبارە دەستکاریکردنه‌وه‌ی نرخی دینار کارەساتی ئابوری دروستدەکات و وڵات دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، چونکە دەبێتە هۆکاری بەرزکرنەوەی ڕێژەی کورتهێنان لە بودجەی 2021دا کە خۆی لەبنەڕەتدا ڕێژەکەی زۆرە".  
  
بۆ تێبینی سێیهەم، مەرسومی ئاماژەی بەوەکرد "دەستکاریکردنی نرخی دینار لەئێستادا دەبێت هۆکاری شڵەژانی بازاری نەختینەی عێراق و سەقامگیری دارایی عێراق دەشێوێنێت، کە ئەوەش وادەکات متمانە بە دامەزراوە دارایی و نەختینەکانی عێراق نەمێنێت".  
  
لەبارەی تێبینی چوارەمەوە، ئابوریناسە عیراقییەکە  ئەوەی خستووەتە ڕوو "گۆڕینی نرخی دینار لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە و ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لەو بارەیەوە بنێت، دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی دینار تەنها پەیوەستە بە دەسەڵاتی نەختینەی عێراق کە ئەوەش بانکی ناوەندییە".  

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ یەکێکە لە داواکارییەکانی پەرلەمانی عیراق ئه‌وه‌یه‌ نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار دووباره‌ به‌رزبكرێته‌وه‌ و یەکێک لە پێشنیازەکانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر 100 دۆلارێك به‌ 130 هه‌زار دینار بفرۆشرێت، له‌كاتێكدا ئێستا به‌ 145 هه‌زار و زیاتره‌.


PM:11:55:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 10708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت