بارزانی: با هه‌موو لایه‌ك بزانن ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكا

‌مەسعود بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ داعش له‌سه‌ر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ تێكشكاوه‌، هه‌رێمی كوردستانیش سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كردوه‌ كه‌ هاوكاربوون بۆ شكستهێنان به‌داعش، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی كورتله‌ فیلمێك له‌لایه‌ن ئێران و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ری داعشدا، ناڕه‌زاییه‌كی زۆری له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردا لێ كه‌وتوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مشه‌و چوارشه‌ممه‌ مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا، لە پەیامێکدا بۆ رای گشتی رایگه‌یاند و به‌ ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر فیلمه‌ ئێرانییه‌كه‌ وتی:"ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێت، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە ولایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت".

ده‌شڵێت: "پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو".

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە ناوەندە میدیاییەکانی ئێرانەوە، کورتە فیلمیک بەناوی "توکل" بڵاوکرایەوە کە تیایدا، باس لە هاوکاری قاسم سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان و نەکەوتنی هەولێر لە سەروبەندی هاتنی داعشدا دەکات.

هەر لە فیلمەکەدا، کارەکتەری مەسعود بارزانی لە هاوکاریی ئەمریکییەکان بێ ئومێد دەبێت و ئێرانییەکان وەکو فریادرەس دەبینێت.

لەوبارەیەوە، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نامەی ناڕەزایەتی گەیاندووەتە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاگادارینامەیەکی داوەتە کونسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر، نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش له‌ ئێران رایگەیاند، ئێران دڵنیایی داوە کە ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ئەوان نییه‌ و لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی بەرهەمهێنانیشی دەکەن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.
 
كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.
 
مسعود بارزانی
٢٧ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢١


PM:11:17:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو