د. ئاسۆ حەوێزی: کۆتایی مانگی ئازار ڤاکسینی کۆرۆنا ده‌گاته‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان

‌ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەهەوڵەکانیان دەکات بۆ دەستخستنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها ئاماژە بەدۆخی کۆرۆنا و هۆکارەکانی کەمبوونەوەی رێژەی تووشبووانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.


د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "تا ئێستا بەتەواوەتی کات و رۆژی هاتنی ڤاکسینەکە (ڤاکسینی دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا) بۆ عیراق دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییەی کەهەمانە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدراڵ، ئەوان دووپاتیدەکەنەوە کە لەکۆتاییەکانی مانگی سێ ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت".

ئەوەشی وت: "وەک دەزانرێت حکومەتی عیراقی بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی هەیە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ دابینکردنی ڤاکسین، بەپێی گرێبەستەکە نزیکەی شانزە ملیۆن پێکوتە بەشی عیراقە، لە قۆناغی یەکەم ملیۆنێک و 500 هەزار ژەمە ڤاکسین دەگاتە عیراق، لەو رێژەیەش بەدڵنیای پشکی هەرێمی کوردستانی تیادایە ئەوکاتەی کەدەگاتە عیراق، سەبارەت بە رێژەکەش لەکاتی خۆیدا دیاریدەکرێت، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراوە لەبابەتی هاتنی ڤاکسین رێکخراوی تەندروستی جیهانیش خۆی ئاگاداری ئەم بابەتەیە".

وتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "لیژنەیەک پێکهێنراوە بەسەرپەرشتی جەنابی وەزیری تەندروستی هەرێم، بۆ دانیشتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەرانی ڤاکسین (کەپەسەند دەکرێن) چەند کۆبونەوەیەکمان لەگەڵدا ئەنجامداون و بەردەوامیش دەبێت، بەبەپێی ستانداردە جیهانیەکانیش چەند (ئەولەویەتێک) هەیە لەدابەشکردنی ڤاکسینەکەدا چونکە ئێمە گروپی مەترسیدارمان هەیە، بەسوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەوردی چاودێری ئەم بابەتە دەکات لەبەرئەوەی پەیوەستە بەگیانی هاوڵاتیان، ئەمەش شتێکی ئاساییە کۆبونەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە تا ئەگەر کەموکورتیەک هەبێت لەو بەشە ڤاکسینەی هەرێمی کوردستان تا بۆ خۆمان ڤاکسینەکە بکڕین و ئەو کەموکورتیە پڕبکەینەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆمان دابینی بکەین".

د. ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بە (ئەولەویەتەکان) لەوەرگرتنی ژەمە ڤاکسینی کۆرۆنا زیاتر روونیکردەوە: "ئەو ئەولەویاتانە ستانداردی جیهانین، کە دابه‌شكراون بۆ سێ گروپ، گروپی مه‌ترسیداری پێ ده‌ڵێن یه‌كه‌م گروپن و له‌شكری سپی پێ ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ی كەبەرکەوتنیان هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توشبووانی كۆرۆنا پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ده‌گرێته‌وه‌، گروپی دووه‌میش -هێزی ئەمنی ده‌گرێته‌وه‌، گروپی سێیه‌میش به‌ساڵاچووان دەگرێتەوە بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەچینەکانی تر بواری وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان نەبێت نەخێر بەڵام ئەوانە لەقۆناغی یەکەمدا ئەولەویەتن".

د. ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بەدۆخی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان دەڵێت: "خۆشبەختانە ئێستا رێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەنزمبوونەوەدایە حاڵەتە مەترسیدارەکان و گیانلەدانیش بەهۆی کۆرۆناوە بەڕێژەیەی باش کەمیکردووە ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوەبوو، لەوانە ئەو رێکارانەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم گرتنیەبەر رێکاری زۆر گرنگ بوون بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبووان کەمبێتەوە لەوانە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی، توندکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و داخستنی قوتابخانەکان هەروەها پابەندبوونی هاوڵاتیانیش لەبیر نەکەین بەسوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو لایەک کە پابەندی رێنماییەکانی تەندروستین تاڕادەیەکی باش".

هەروەها راشیگەیاند: "هیوادارین ئەو پابەندبوونە ساردبوونەوەی پێوەدیار نەبێت چونکە بەڕاستی ئێمە نامانەوێت بگەینەوە خاڵی سفر، هێشتا کۆرۆنا هەر هەیە مەترسیەکی جدیشە بۆیە پابەندبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی تائێستاش بەگرنگی دەزانین و گرنگی پێدەدەین بۆیە داواکارین کەخەڵک پابەندبێت چونکە وەک دەزانرێت جیهان لەشەپۆلێکی توندی کۆرۆنادایە چ لەوڵاتانی ئەوروپا وە ئەمریکا هەروەها رۆژهەڵاتی ئاسیا تا وڵاتانی دەوروبەریش کە تائێستاش بەهۆی حاڵەتە خراپەکانی کۆرۆناوە دەناڵێنن بۆیە ئێمە دەمانەوێت بەردەوام بین لە رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ ئەوەی نەگەینەوە قۆناغی رابردوو هیوادارین هەموو لایەک بەردەوام بن بەپابەندبوون بەڕێنماییەکانی تەندروستی".


AM:09:20:27/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو